خۆپیشاندەران ڕێگەی سەرەكی كەركووك-هەولێر دادەخەن و گرژی دروست دەبێت

شەیری بکە لە:

دیمەنی خۆپیشاندەرانی تورکمان کە ڕێگەی کەرکووک- هەولێریان داخست

ئاڤا نیوز

 

لایەنگرانی بەرەی تورکمانی لە پردێ لەبەرامبەر داواكارییەكانیان خۆپیشاندانیان کرد و ڕێگەی سەرەکیی هەولێر-کەرکووکیان داخست، هێزێكی زۆری ئەمنیش بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بڵاوەی پێكرا.


هۆكارە زانراوەكان: لایەنگرانی بەرەی توركمانی داوا دەكەن یەكێك لە پۆستەكانی: بەڕێوەبەری شارەوانی، بەڕێوەبەری پۆلیس یاخود بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ بۆ پێكهاتەی توركمان بێت، ئەوەش لەكاتێكدا بەڕێوەبەری ناحیەکە بەركەوتەی كوردە و ئێستا كوردێك پۆستەكە بەڕێوە دەبات، خۆپیشاندەران بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، ماوەی سێ ڕۆژیان بە بەرپرسانی حكومی پارێزگاكە دابوو، هۆشداریشیان دابوو لەوەی دوای تەواوبوونی وادەكە بازنەی ناڕەزاییەتیەكان فراوان دەكەن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: داواكاری پێكهاتەی توركمانەكان لە پردێ لەكاتێكدایە، بەرەی توركمان بەشداریی حكومەتی خۆجێیی كەركووكی نەكردووە و پێشتر ڕەتیكردووەتەوە هیچ پۆستێكی حكومی وەربگرێت.

 

چی ڕوویدا: خۆپیشاندەران لەڕێگەی سووتاندنی تایە و دانانی بەربەستی بەردی، ڕێگەی سەرەكی هەولێر-كەركووكیان داخست و بەهۆیەوە ماوەی چەند كاتژمێرێك هاتووچۆ لە شەقامەكە پەكی کەوت. هەروەها گرژی و ئاڵۆزی و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروستبوو، لەو كاتەی پۆلیسی چالاكی مەدەنی و ئەفسەرانی سەر بە فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، هەوڵی بڵاوەپێكردنی خەڵكە ناڕەزاییەكە و كردنەوەی ڕێگەكەیان دەدا، لەڕێگەی ڕشاندنی ئاو بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە و لابردنی بەربەستە بەردییەكان.

 

لەلایەکی دیکە: ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک سەبارەت بە گرژییەکانی ناحیەی پردێ سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد و بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بەسەرۆکایەتیی محەممەد حافز سەرۆکی، ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ چارەسەری کێشەکانی پردێ و بەدواداچوون بۆ داواکاریی خۆپیشاندەران.

 

لێدوانی هاووڵاتیان: ڕۆکان جاف، پەیامنێری ئاڤا میدیا لە كەركووك، لەنێو خۆپیشاندەران و لێدوانی لێ وەرگرتن، خۆپێشاندەران دەڵێن، "چەندین ساڵە لە پردێ و كەركووك و ناوچەكانی دیكە، مافی پێكهاتەی توركمان نادرێت و سێ ڕۆژە ناڕەزاییمان دەستپێكردووە و بەڵێنی چارەسەری گرفتەكان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان پێ دەدەن، بێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت."

 

هاوكات ئەو شۆفێرانەی بەو ڕێگەیە تێپەڕ بوون نیگەران بوون لە دۆخەكە و بە ئاڤایان گوت، "ماوەی چەندین كاتژمێر ئیشوكارمان پەكی كەوت، كەسانێك هەن حاڵەتی نەخۆشییان هەڵگرتووە و دەیانەوێت بەپەلە بگەنە نەخۆشخانە، كەچی بەهۆی بەردەوامی گرژییەكان، هەمووجۆرە هاتووچۆیەك وەستا."




دیمەنی خۆپیشاندەکان کە بەهۆیەوە ڕێگەی کەرکووک - هەولێر داخرا

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: