بەوێنە؛ درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی کەرکووک کەوتە خوارەوە
ئاڤا نیوز
ئەمشەو دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی کەرکووک بیسترا، دواتر دەرکەوت درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە.
زانیاریی پەیامنێر: ڕۆکان مەحموود، پەیامنێری ئاڤا لە کەرکووک دەڵێت، نزیکەی کاتژمێر 09:00ی ئەمشەو دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بیسترا، دواتر دەرکەوت درۆنێک بووە کەوتووەتە خوارەوە.
زانیاریی زیاتر: درۆنەکە لەنێوان گەڕەکی بەدر و فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکووک کەوتووەتەوە خوارەوە. شوێنەکە چۆڵەوانییە و هیچ ماڵێکی لێ نییە، بەڵام ناوچەکە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و بارەگای هێزێکی حەشدی شەعبی لێیە.
بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە ئاگر کەوتووەتەوە و کەمێک پووش و پاوان سووتاوە، هیچ زیانێکی گیانیش نەبووە. هێزێکی ئەمنی دەوری ناوچەکەیان داوە و ڕێگەنادەن هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە شوێنەکە نزیک بێتەوە.
لێدوانە فەرمییەکان: چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکووک بە ئاڤایان ڕاگەیاند: تاوەکو ئێستا نازانرێت درۆنەکە خۆی کەوتووەتەوە خوارەوە یان خراوەتە خوارەوە.
کەمێک دوای ڕووداوەکە عەمید مازن غەریب، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک بە ئاڤای ڕاگەیاند: دوو زانیاری لەبارەی دەنگەکە بە ئێمە گەیشتوون:
یەکەم: دەگوترێت مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکووک کراوە کە دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەی مەدەنی.
دووەم: دەنگۆیەکی دیکەش هەیە، دەگوترێت درۆنێک لە نزیک فڕۆکەخانەی کەرکووک کەوتووەتە خوارەوە و لەلایەن هێزێکی حەشدی شەعبییەوە براوە.
باکگراوند: ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی یەکشەم لەسەر دووشەم 30-6-2025 بە کاتیۆشا و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی کەرکووک، هەمان کات هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی و کەمپی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش، شەوی دواتریش بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگای یەکەی 70ی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی.
نوێ دەکرێتەوە...
وێنە: دیار محەممەد






