
ساڵانێک لەمەوبەر، دەمەوئێوارە منداڵێک لە دەرەوەی گوند شوانێکی بریندار دەبینێت شوانێک کە باڵندەی کامەرانی بە سیحری خۆی فریوی دابوو، شوانێک کە بە هەڵاداوان کەوتبووە دوای باڵندەی کامەرانی و چەندین جار هەڵنگووت و دەست و قاچی بە سەختی بریندار بوون و هەڵدەستایەوە، بە سەدان هەنگاو لە مەڕ و ماڵاتی گوند دوورکەوتبووەوە، لەکۆتاییدا باڵندەی کامەرانی دابووی لە شەقەی باڵ و بەرەو تەمومژی خەیاڵ فڕیبوو، شوانەی فریودراویش لە گەڕانەوەیدا ڕێی ونکردبوو، درەنگانێ گەیشتبۆوە لای ڕانەمەڕەکەی. بینیبووی گەلەگورگێ پەلاماری داون و قڕی کردوون.
نمایشی شانۆیی ( باڵندەی کامەرانی) بە چیرۆکی ئەو منداڵ و شوانە دەسپێدەکات. دەسپێک و سەرەتایەکی ئاسایی و بێ مەبەست نییە؛ کلیلێکی ڕەمزییە بۆ تراژیدیایەکی سەرتاپاگیر و گەورەتر،
سێبەری ئەو چیرۆکە سادەیە تا کۆتایی نمایشەکە بەسەر ڕەوتی تەواوی ڕووداوەکانەوە دەمێنیتەوە. لە یەکەمین ساتەوەختی نمایشەکەوە سیناریست و دەرهێنەر ڕووبەڕووی بیرۆکەی پڕ گومانی گوناهکاری و تۆڵە و خیانەتمان دەکاتەوە، خەونێکی پەمەیی و ڕەوا، سەرەوژێر دەکاتەوە و دەیگۆڕێت بۆ کابوسێک کە لە چەندین فۆرمی جیاوازدا لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم سەردەمەدا ئامادە و بەرچاوە.
هەموو شتێک ئاسایی دەڕواتە پێشێ و کۆبوونەوەیەکی دەمەونیوەڕۆی سەرانی دەسەڵاتەکە پێشتر وەک باڵندەی کامەرانی بە بەڵێنی ژیانێکی پڕ کەرامەت و خۆشبەختی خەڵکیان فریودابوو. کێشەی زۆر هیچ و پووچ و بێ ئاگا لە توڕەیی خەڵک بابەتی گفتوگۆیەکی گاڵتەجاڕییانە.
لەناکاو پیلانێکی تراژیدیی پێشوەختە داڕێژراو ڕەوتی ڕووداوەکان دەگۆڕێت و دۆخەکە سەرو بن دەکات. دەمامکی سەر ڕووخساری دەسەڵات و شۆڕش و خیانەت دادەماڵرێن، خولەک بە خولەک ڕووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیەکی نووقمی قەیران و ئاشووب بە ڕووتی دەردەکەوێت، کۆمەڵگەیەک کە لەناو هەڵبەزو دابەزی شەپۆلی نەهامەتییەکانیدا ڕێنوما و قیبلەنوومای خۆی لەدەس داوە.
کارەکتەر و ڕووداوەکان: کارەکتەری ( ئارما ) چەقی شانۆنامەکەیە و دۆخی تراژیدیای بازدان لە بێتاوانییەوە بۆ تووندوتیژی و تاوانکاری بەرجەستە دەکات.
ئارما، منداڵێکی دڵشکاوی ستەملێکراوە ڕۆژانە بە چاوی خۆی دەبینێ چۆن دەستەڵاتدارە درۆزن و فریودەرەکان ستەم لە باوکە سەرو ڕیش سپییەکەی دەکەن. ساڵانێکە کەوتۆتە دوای خەونێکی ڕەنگین و وەک گەنجێکی یاخی و دەمارگیر لەڕێی پەیوەندییە نهێنییەکانییەوە دەبێتە سەرکردەی مەفرەزەیەکی چەکدار و ژیانی خۆی دەخاتە خزمەتی شۆڕش و خەونی کامەرانییەوە، بەڵام دواجار خۆی و تیمەکەی دەبنە نێچیرێکی سووک و ئاسانی خیانەت.
ئارما نە بە ڕەهایی پاڵەوانێکی بێگەردە و نە بە ڕەهاییش خراپەکارێکی خوێنڕێژە، بەڵکو مرۆڤێکی هەلاهەلابووی نێوان بەرداشی خەون و خیانەتە، قوربانییەکی تری بێ ئاگای تێکەڵبوونی سنوورەکانی شۆڕش و دڕندەییە.
باوکی ئارما ، نموونەی ویژدانێکی ستەملێکراوی ناو کۆمەڵگەو دۆخێکی بێ بەزەیی و دڵڕەقە . پیاوێکی بەساڵاچووی بە ئەزموونە و قاڵبووی ژیان و مەینەتییەکانێتی، کە دەبینێ کوڕە تاقانەکەی هەڵدێراوە بۆناو دۆزەخی توندوتیژی و خوێنڕێژی ، ئیدی نەک هەر ئارمای کوڕی، بگرە خودی خۆی و ژیانیشی لەلا بێ بەها دەبێت و نەفرەت لە هەموو شت دەکات ، ئامادەیە بە ژیانی خۆی باجی خیانەتێک بدات کە نەیکردووەو دەستی تێدا نەبووە: ( کردنەوی دەروازەکانی کۆشک بۆ هێزەتایبەتەکانی دەستەڵات و گەمارۆدانی یاخیبووان ). دوا هەڵوێستی باوکی ئارما دیمەنی نائومێدیی نەوەی باوکە قوربانیدەرەکانە کە جگە لە مەینەتی و دەردەسەری هیچی تریان نەدرووییەوە.
دەسەڵاتداران وەک ئەنجوومەنێکی کۆمیدیی بەرژەوەندخوازانی بێ ئاگا لە گوزەرانی خراپی خەڵک و بێ وەفا لە ئاست بەڵێنەکانیان بۆ بەدیهێنانی کامەرانیی گشتیدا دەردەکەون.
کۆبوونەوەکانیان گاڵتەجاڕییە و خەم و خەونییان تەنیا لە خولگەی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیاندا دەخولێتەوە. تەنانەت کە یەکێ لە خۆیان ویژدانی ڕادەچڵەکێ و بە دەنگی بەرز و ڕاشکاوانە دەیەوێت لە تووڕەیی و ڕکی خەڵک بە ئاگایان بێنێتەوە، گاڵتەیان پێی دێت و پشتگوێی دەخەن. سینارست و دەرهێنەر زۆر زیرەکانە ئەم چەند کارەکتەرە و سەرۆکەکەیان وەک گرووپێکی گاڵتەجاڕی کەمتەرخەم و دابڕاو لە بەهای مرۆیی و خیانەتکار بە میللەت، نیشان دەدات.
مەفرەزەی یاخیبووانی شۆڕشگێڕ: دیوەکەی تری دراوەکەیە. گرووپێک گەنجی خوێن گەرمی یاخی، بەجۆش و خرۆشییەکی ڕۆمانسیانەی تووندڕەوەوە، خەریکی وتنەوەی دروشمی یەکسانی و دادپەروەری و سەروەریی گەلن، خوێن و خواستی تۆڵە سەندنەوەیەکی خێرا و دەسبەجێ، بەری چاوی گرتوون. لەبریی ئەوەی خەمێک لە ئایندە بخۆن و بەڕاستی دەنگی گەل بن، هەریەکەو بە گرێیەکی دەروونی و کۆنە قینێکی شەخسییەوە دەستی داوەتە چەک و هاتۆتە مەیدان، بەوەش لە گرووپێکی فریادڕەسی شۆڕشگێڕەوە دەگۆڕێن و دەبنە ماشێنێکی نوێی ستەمکاری و خوێنڕێژی.
کارەکتەری خیانەتکاری نهێنییش نموونەیەکی زەقی مرۆڤی هەلپەرست و بەرژەوەندخوازە، بوونەوەرێکی چەقۆکێشە و خۆی خزاندۆتە نێو ڕیزی یاخیبووان و ژێربەژێریش شۆڕش و هاوڕێیانی خۆی بە دەسەڵات فرۆشتووە.
هەر لەسەرەتا تا کۆتایی دەستی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانی گەمارۆدان و ژەهراویکردنی گرووپی یاخیبوواندا هەیە و دەستلەملان لەگەڵ پیاوانی دەستەڵاتدا بە ساویلکەیی هاوڕێ فریودراوەکانی پێدەکەنێت. سینارست و دەرهێنەر بە فۆکەس خستنە سەر ئەم کارەکتەرە پێمان دەڵێت : گەندەڵ و خیانەتکاران براوەی ئەم گەمە خوێناوییە بوون و باڵندەی کامەرانییش جارێکی تر هەموومانی فریودا. ئەمجارە نەک هەر شوانەکەو مەڕوماڵاتەکەی گوند بوونە نێچیری گەلەگورگ، بەڵکو ئەو منداڵەی بیست و ئەوەندە ساڵ لەمەوبەریش ، کە ئێستا بۆتە ئارما خۆی و باوکیشی کوژران و تیاچوون!
شانۆنامەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی، وێنەیەکی تاریکی جیهانێکی قەیراناوی نمایشدەکات کە دەسەڵات لەخەمی چاککردنەوەو ڕاستکردنەوەیدا نییە، شۆڕشیش گیرۆدەی گرێی تۆڵەسەندنەوە و توەندوتیژییە، نەوەی نوێش وەک نەوەی پێش خۆی جگە لە بەرهەمهێنانەوەی کارەسات چیتری لەدەست نایەت.
هێشتا دەنگی پڕ ئازاری ئارما، لە پێش مردنیدا، لە فەزای نێوانماندا دەنگدەداتەوە؛ کاتێ کە سەرلەنوێ چیرۆکی بینینی شوانە فریودراوەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، وەک ئەوەی پێمان بڵێت: ڕاکردنی کوێرانەمان بەدوای باڵندەی کامەرانی و درووشمی ڕەنگاوڕەنگدا، جگە لە دووبارەکردنەوەی کارەسات و ئەستوورکردنی دەمارگیری و گیانی تۆڵەسەندنەوە، چییتری لێ چاوەڕێ ناکرێ .
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
سەردەمێکی نوێ بۆ میدیای کوردی؛ قۆناغی ئاڤا میدیا
27 ئاب
تێکدانی جوانی سلێمانی ئیدانە دەکرێت
23 ئاب
لە هەڵەبجە، دیسان ئاگربارانە
19 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟
18 ئاب
ڕابەرێک لە نێوان سیاسەت و چەک و ڕەمزییەتدا؛ خوێندنەوەی نێوان دێڕەکانی پیرۆزباییەکان
17 ئاب
كوژانەوە لە عێراق و داگیرسان لە كوردستان؛ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاری دروست دەكات
13 ئاب
سەبارەت بە پۆپۆلیزم، بە بیانووی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە
13 ئاب
جەنگی غەززە و نهێنیی کەناڵی بن گۆریۆن
11 ئاب
(ئاڤا) لە ناو دڵی سلێمانیدا
9 ئاب
دەستوەردانی عێراق و کوردستان لەنێوان یاسا و سیاسەتدا
8 ئاب
- بیروڕا
- 18 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟