
گرافیک: ئاڤا نیوز
سەرکەوتن و بەردەوامیی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیی خێزانی پەیوەستە بە چەند مەرج و فاکتەرێکی سەرەکییەوە کە دەبنە هۆی ڕاکێشانی سەرنج و سەرسامیی جەماوەری بەئامانجگیراو.
ئاڤا میدیاش وەک میدیایەکی بەرپرسی خیزانی، خەونی مەزن و سەرکەوتنی گەورەی لەپێشە و سوورە لەسەر بەدیهێنانیان. سەرکەوتنی گەورەش لە بەدیهێنانی ئامانج و ستراتیژیی ئاڤای نوێدا ڕەنگی داوەتەوە کە ئەم میدیایە تەنها ژمارەیەکی تر نابێ لەپاڵ ژمارەکانی تردا، بەڵکو پڕۆژەیەکی دیراسەکراو و خەونێکی ڕەوایە بۆ ئاشتکردنەوەی خێزانی کورد لەگەڵ شاشەی کوردیدا.
لە ڕوانگەی پسپۆڕی و ئەزموون و شارەزاییمەوە، هەوڵ دەدەم لێرەدا گرنگترین مەرج و فاکتەرەکانی ئەو سەرکەوتنە بخەمەڕوو:
یەکەم: ناوەڕۆکی خێزانیی گونجاو و فلتەرکراو
دەبێت ناوەڕۆکی پڕۆگرامە پێشکەشکراوەکان بۆ هەموو ئەندامانی خێزان گونجاو بێت و ژانری تەلەڤیزیۆنیی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت وەک بەرنامەی پەروەردەیی مۆدێڕن و فیلمکارتۆن و ئەنیمەیشن بۆ منداڵان، بەرنامەی ڕۆشنبیری و وەرزشی و ئەدەبی و هونەریی سەرنجڕاکێش بۆ گەنجان بە بەشداریی کارای خودی گەنجان، بەرنامەی ڕێبەری گەشتیاری و ژینگەدۆستی و ناساندنی جیوگرافیا و کەلەپوور و دابونەریتی دەڤەری جیاجیای کوردستان، بەرنامەی پێشبڕکێی زانستی و کارامەیی و خۆشباری بە بەشداریی بینەران بە ڕاستەوخۆ و بە ئۆنلاین، زنجیرە درامای کوردی و بیانیی فیلتەرکراو و دۆبلاژکراوی خێزانی، جگە لە فیلمی درامی و دۆکیومێنتەری کە بۆ هەموو تەمەنەکان دەست بدات.
دووەم: تەکنیک و ناوەڕۆکی کوالێتیی بەرز
دابینکردنی ناوەڕۆکی کوالێتی بەرز لە ڕووی بەرهەمهێنان و دەرهێنان و نواندن و وێنەگرتن و دەنگهەڵگرتن و میوزیک و مەیکەپ و ڕووناکی و دیکۆر و پۆشاک و مۆنتاژەوە، بە جۆرێک کە هەم سەرنجڕاکێش بێت و هەم بەهای کاتبەسەربردن و پەروەردەییشی تێدا بێت.
سیێیەم: بەها ئەخلاقییەکان
دەبێت بەها ئەخلاقییە ئەرێنییەکانی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی بە چەشنێ لە ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکاندا ڕەنگ بدەنەوە کە پشتگیری لە بنەما کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە باڵاکانی پەیوەندیی ناو خێزانی کورد بکات و منداڵان بەرەو ڕەفتاری دروست ئاراستەو ڕێنوێنی بکات.
چوارەم: بەهای نیشتمانی و ئینسانی
نابێت هیچ بەرنامەیەکی ئاڤا بەدەر بێت لە چاندنی بەهای ئینسانی و بەرزڕاگرتنی بەها نیشتمانییەکانی کورد و کوردستانییان. خۆشەویستی و وەفا و ئەمەکداری بۆ ڕەنج و خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەرانی مێژووی دێرین و نوێمان، پاراستنی سەروەریی هەموو بەشێکی خاک و ئاووهەوای کوردستان. پێویستە ئەو بەهایانە لە پێشینەی بەها میدیاییەکانی هەموو ژانرەکانەوە بن و نەکرێنە قوربانیی هیچ بەرژەوەندییەکی تەسکی ناوچەیی و لە هەموو تەوژمێکی پۆپۆلیستی و دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی و پووچگەرایی بپارێزرێن.
پێنجەم: بەرنامەی کارلێککارانە
دابینکردنی بەرنامەی کارلێککارانە کە هاندەری بەشداریکردنی ئەندامانی خێزانە لەگەڵ یەکتر، جا لە ڕێگەی یارییە کارلێککارەکانەوە بێت، یان بەرنامەیەک کە داوای گفتوگۆی خێزانی بکات، یان پێشبڕکێیەک کە گەورەساڵان و گەنجان بتوانن کێبڕکێی تێدا بکەن.
شەشەم: هەڵبژاردنی کاتی گونجاو
پێویستە خشتەی پەخشی بەرنامەکان بەجۆرێک ڕیکبخرێت کە هاوکات بێ لەگەڵ کاتی بێ کاری و پشووی زۆربەی ئەندامانی خێزانی کوردستانیدا، وەک ئێواران و کۆتایی هەفتە، لەپێناو مسۆگەرکردنی زۆرترین ژمارەی بینەری بە پەرۆش.
حەوتەم: فرەچەشنی
بەرهەمهێنانی چەندین چەشنی بەرنامە بە ژانری جیاجیای دیراسەکراو کە لە توانایاندا بێت خواست و خولیا و حەز و بەرژەوەندیی گرووپی تەمەنی جیاوازی ناو خێزان فەرهام بکەن.
هەشتەم: بەشداریی کۆمەڵگە
بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی جەماوەر لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بینەران بۆ بەشداریکردن لە بیرۆکە و بۆچوون و فیدباک و هەڵسەنگاندنیان بۆ هەموو بەرنامە و چالاکییەکانی ئاڤا و ڕێکخستنی بۆنە و ئیڤێنتی جەماوەری و نوخبەوی کە کارلێکیان لەگەڵ ڕەوت و سیاسەت و ستراتیژیی کەناڵەکەدا زیاد دەکات.
نۆیەم: مارکێتینگی کاریگەر
داڕشتن و پەیڕەوکردنی ستراتیژیی بەبازاڕکردنی (کۆمەڵایەتی و بازرگانی) بۆ ناساندنی کەناڵ و بەرنامە و ئامانجەکانی ئاڤا، ئەوەش لە ڕێی هەڵمەتێکی میدیایی دیراسەکراوی پڕۆفیشناڵانەی درێژخایەن لە دیجیتاڵ میدیا و سۆشیال میدیاوە.
دەیەم: بەردەوامی و نوێبوونەوە
پەرەپێدان و نوێکردنەوی بەردەوامیی بەرنامە سەرکەوتووە پڕبینەرەکانی ئاڤا و دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی ناوەڕۆکی نوێ و تەکنیک و فۆڕمی باڵکێشی ئەوتۆ کە بینەر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
یازدە: گەشەپێدانی مرۆیی
پێویستە بەردەوام لە ڕێی سکووڵ و خولی ڕاهێنان و پەرەپێدانەوە گەشە بە توانای کادێرانی تەکنیکی و هەواڵساز و پەیامنێر و پێشکەشکار و بێژەران و کارگێڕانی کەناڵ بدرێت و لە ڕووی تیۆری و ئیتیک و فەلسەفەی میدیاو بەرپرسیارێتیە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکانیشیەوە، ئاسۆی بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان فراوانتر و جیهانبینییەکی ئەقڵانییان بۆ گەڵاڵە بکرێ.
من دڵنیام بە جێبەجێکردن و بەدیهێنانی ئەو مەرج و فاکتەرانە، تەلەڤیزیۆنی ئاڤای خێزانی دەتوانێت ببێتە میدیایەکی چێژبەخش و دڵخواز و ورەبەخش و پەروەردەیی، بۆ خێزانی کورد و لە سەرکەوتنێکەوە بەرەو سەرکەوتنی زیاترو باڵاتر ڕێ دەکات.
نوێترین بیروڕا
سەعات حەوت زیاتر لە یەک ملیۆن بینەر
16 حوزەیران
ڤیزت کوردستان؛ جیهان لە کوردستانە
10 حوزەیران
منداڵ ئامرازێک نییە بۆ بەھەڕمێنکردنی کەناڵێک یان پێشکەشکارێک
8 حوزەیران
جیابوونەوەی ناشیرینی ترەمپ و مەسک
7 حوزەیران
ئەحکام و ئاداب و حیکمەت و گەورەیی قوربانیكردن
4 حوزەیران
جووڵە ناوەختەکەی یەکگرتووی ئیسلامی و بزە گاڵتەئامێزەکەی سوودانی
4 حوزەیران
ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێکی قەیس خەزعەلی بەهێزترە
1 حوزەیران
تاوانی بڕینی مووچەی فەرمانبەران، لە ڕوانگەی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان
31 ئایار
سیاسەتی ترەمپ: دەستێوەرنەدان
31 ئایار
سفرەمان خاڵی دەکەن.. بەڵام کاسەمان پڕبووە و لێی دەڕژێ
31 ئایار
- بیروڕا
- 16 حوزەیران
سەعات حەوت زیاتر لە یەک ملیۆن بینەر
- بیروڕا
- 10 حوزەیران
ڤیزت کوردستان؛ جیهان لە کوردستانە
- بیروڕا
- 7 حوزەیران
جیابوونەوەی ناشیرینی ترەمپ و مەسک