وردەکاریی یەکەم هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حەشدی شەعبی و کوژرانی پاسەوانە تایبەتەکەی حەسەن نەسروڵڵا

شەیری بکە لە:
وردەکاریی یەکەم هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حەشدی شەعبی و کوژرانی پاسەوانە تایبەتەکەی حەسەن نەسروڵڵا

ئاڤا نیوز

بۆ یەکەمجار دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، فڕۆکەی ئیسرائیلی فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی کوشت. حیزبوڵڵاش کوژرانی ئەبو عەلی، پاسەوانی تایبەتیی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی پێشووی حیزبوڵڵا بۆ ئاڤا میدیا پشتڕاست دەکاتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: پاسەوانە تایبەتەکەی حەسەن نەسروڵڵا و کوڕەکەی لەگەڵ بەرپرسێکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو عەلی خەلیل لەکاتی چوونیان لە عێراقەوە بۆ ئێران لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراون.


لێدوانە فەرمییەکان: ڕەنا ساحلی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی حیزبوڵڵای لوبنان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، فڕۆکەی ئیسرائیل لەسەر سنووری عێراق لە دیوی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێک کە لە عێراقەوە چووە بۆ ئێران. لە هێرشەکەدا هەریەک لە ئەبو عەلی خەلیل، پاسەوانی تایبەتی حەسەن نەسروڵڵا و کوڕەکەی و حەیدەر موسەوی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی کەتیبەکانی سەیدوشوهەدای سەر بە حەشدی شەعبی کوژران.

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی بە ئاڤای وت: حەیدەر موسەوی بەرپرسی مەلەفی سوریا بووە لەناو کەتیبەکانی سەیدو شوهەدا.

بەگوتەی سەرچاوەکە، ئەبو عەلی پاسەوانە تایبەتەکەی حەسەن نەسروڵا پێش دەستپێکردنی جەنگ نێوان ئێران و ئیسرائیل سەردانی عێراقی کردووە و چووەتە مەزارگە ئاینییەکانی شیعە، ئەمڕۆش لەگەڵ کوڕێکی و حەیدەر موسەوی ویستوویانە سەردانی ئێران بکەن.

فڕۆکەی ئیسرائیلی چاودێری کردوون، هەرکە ئۆتۆمبێلەکەیان داخڵی سنووری  ئێران بووە، ئیسرائیل لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومانی کردوون.

لەسەر کوژرانی بەرپرسەکەی حەشدی شەعبی، ئاڤا پەیوەندی کرد بە شێخ کازم فەرتوسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدو شوهەدا، وتی، هەواڵەکە نە پشتڕاست دەکەمەوە، نە ڕەتیشی دەکەمەوە.

لەلایەکی دیکەوە: سوپای پاسدارانی ئێران هەواڵی کوژرانی ئەبو عەلی خەلیلی لە هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە تاران پشتڕاست کردەوە.

ئەبو عەلی خەلیل "قەڵغانی سەید" کێیە؟

٠ ناسنامە و ناوبانگ: ئەبو عەلی خەلیل، ناسراو بە "حاجی ئەبو عەلی"، ناوبانگی بەهۆی ئەو دەرکەوتنە بەردەوامانەیەوە پەیدا کرد کە لە پشتی یان بەردەم حەسەن نەسروڵڵاوە دەبینرا لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکانیدا.

٠ پلە و ڕاهێنان: ئەفسەرێکی باڵا بووە و چەندین خولی سەربازیی لە ئێران و لەسەر دەستی سوپای پاسداران بینیوە. بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا، ماوەیەکی زۆری مەشق و ڕاهێنانی لە سەربازگە نهێنییەکانی تاراندا بەسەر بردووە.

٠ ڕۆڵی ئەمنی: بە "قەڵغانی سەید" (درع السيد) ناسرابوو و یەکێک بووە لەو "١٩ ئەفسەرە"ی کە بازنەی هەرە تایبەتیی پاسەوانانی نەسروڵڵایان پێکدەهێنا، بەتایبەتی پێش ئەو زنجیرە تیرۆرکردنانەی کە حیزبوڵڵایان هەژاند.

٠ ڕۆڵی مەیدانی: تەنها پاسەوان نەبووە، بەڵکو سەرپەرشتیاری شەڕەکانی حیزبوڵڵا بووە شانبەشانی ڕژێمی ئەسەد لە شاری حەلەبی سووریا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ