هاوبەشیی نیشتمانی لە سووریا... پرسی کورد وەک نموونە
- بیروڕا
- 13 تەممووز

فەیسەڵ یوسف
ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی چاکسازیی کورد - سووریا
سووریا لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، لەژێر سێبەری حوکمڕانیی پارتی بەعسدا، بە بارودۆخێکی سیاسیدا تێپەڕی کە بە ستەمکاری، داخراوی، ڕاوەدوونانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، قەدەغەکردنی پێکهێنانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەراوێزخستنی ژمارەیەکی زۆر لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناسرابوو. لەپێش هەموویانەوە گەلی کورد، کە بە پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نێو پێکهاتەی نیشتمانیی سووریا دادەنرێت و بەشداریی لە بوونیادنان و مێژوو و کولتوورەکەیدا کردووە. دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو و چوونە ناو قۆناغێکی هەستیاری گواستنەوە، بووەتە پێویستی و ئەرکێک کە پێداچوونەوە بە تەواوی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و پێکهاتەکانیدا بکرێت، بەشێوەیەک گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتیی دادپەروەرانە و گشتگیر دابمەزرێنێت.
پرسی کورد لە سووریا دەرەنجامی ساتێکی کاتی یان قەیرانێکی لەناکاو نەبووە، بەڵکو ڕەگوڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی دامەزراندنی دەوڵەتی سووریا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، کاتێک لە داڕشتنی ناسنامەی نیشتمانی و دەستووردا، واقعی نەتەوەیی و فرەیی وڵات نادیدە گیرا. ئەم پشتگوێخستنە مێژووییە بووە هۆی بێبەشکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانیان، تەنانەت لە سادەترین مافەکانی هاووڵاتیبوونیش.
ئەم سیاسەتانە دواتر لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی بەعسدا تووندتر بوونەوە، کاتێک ڕێوشوێنی سیستماتیک گیرایەبەر کە بوونی کوردی لە هەموو ڕەهەندەکانیدا کردە ئامانج. دیارترین ئەم ڕێوشوێنانە، سەرژمێرییە نائاساییەکەی ساڵی 1962 بوو کە بەهۆیەوە سەدان هەزار هاووڵاتیی کورد لە ڕەگەزنامەی سووری بێبەش کران. سەرەڕای ئەوەش، پڕۆژەی "پشتوێنی عەرەبی" ئامانجی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان بوو لەسەر درێژایی سنووری تورکیا لە پارێزگای حەسەکە. بە درێژایی دەیان ساڵ، پێکهاتەی کورد لە وەرگرتنی پۆست و پلە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دوورخرایەوە و کۆت و بەند لەسەر چالاکییە کولتووری و سیاسییەکانی دانرا، بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی یان نیشتمانی.
بەڵام سەرەڕای ئەم سیاسەتە ستەمکارانانە، کورد لە گۆڕەپانی خەباتی نیشتمانیدا پاشەکشەی نەکرد، بەڵکو لە ڕێگەی پارت و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە، دەنگێکی نەگۆڕیان پێکهێنا کە داوای دادپەروەری، یەکسانی و دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکانیان دەکرد لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتی و فرەییدا، کە ماف و ئازادییەکان بۆ هەموو ڕۆڵەکانی مسۆگەر بکات. ئەم سووربوونە لە چەندین قۆناغدا دەرکەوت، کە دیارترینیان ڕاپەڕینی قامشلۆ بوو لە ئازاری 2004دا، کاتێک کورد بە خۆپیشاندانی هێمنانەی بەرفراوان هاتنە سەر شەقام و دروشمگەلێکیان بەرزکردەوە کە داواکارییە نەتەوەییەکانیانیان بە پێویستیی چاکسازیکردن لە پێکهاتەی دەوڵەتی ستەمکار و دوورخەرەوەوە دەبەستەوە، بەڵام هێزە نیشتمانییەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک دۆخێکی ئۆپۆزسیۆنی سووری مامەڵەیان لەگەڵ نەکرد، بەڵکو لە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی تەسکەوە سەیریان کرد.
شۆڕشی سووریا لە ساڵی 2011دا وەرچەرخانێکی نوێی دروست کرد، کە کورد هەر لە سەرەتاوە تێیدا بەشدار بوو. ئەوان بەشدارییان لە جووڵانەوەی جەماوەریی گەنجاندا کرد لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا و جارێکی دیکە جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە داواکارییەکانیان لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی گشتگیردا کردەوە، بەبێ ئەوەی هەوڵی هیچ جۆرە جیابوونەوەیەک یان جیاکارییەک لەگەڵ باقی پێکهاتەکانی گەلی سووریادا بدەن. هەڵوێستی بزووتنەوە سیاسییەکەیان ڕوون بوو، بە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە سازشێک لەگەڵ ڕژێمی پێشوودا، سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانی و پێشکەشکردنی چەندین پێشنیاز بۆ وەڵامدانەوەی هەندێک لە داواکارییەکانی کورد. بەڵکو پێگەی سروشتیی خۆی هەڵبژارد و تێکەڵ بە ڕیزەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و شۆڕش بوو و بەشدارییەکی کاریگەری لە گۆڕانکارییەکاندا کرد. کورد لە ڕووی سیاسییەوە ئەم هەڵوێستەی لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکانی ئۆپۆزسیۆن و چوونە ناو پێکهاتە جیاوازەکانیەوە دەربڕی، لە دەستەی هەماهەنگیی نیشتمانی بۆ گۆڕانی دیموکراتی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریاوە، تا دەگاتە هاوپەیمانیی نیشتمانیی هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا و دەستەی دانوستانکار. ئەمەش زۆربەی کات لە ڕێگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردەوە بوو، کە بووە چەترە سیاسییە فراوانەکەی داواکارییەکانی گەلی کورد لەناو کاری نیشتمانیی گشتیی سووریادا.
ئەمڕۆ، لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغی ڕژێمی پێشوو و دەرکەوتنی ئیدارەیەکی نوێ کە کاروباری وڵات بەڕێوەدەبات، توێژێکی بەرفراوانی سوورییەکان هیوادارن کە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ بوونیادنانی سووریایەکی نوێ لەسەر بنەما دەستووری و دامەزراوەییەکان، کە بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان و دانپێدانان بە فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی بچەسپێنێت. ئەوەی لەم دێڕانەدا هاتووە، پێشتریش چەندین جار باسمان لێوە کردووە و لەبارەیەوە نووسیومانە، بەڵام هەست دەکەین کە دەنگدانەوەکەی نەگەیشتووەتە ئەو تێگەیشتنەی کە چاوەڕوان دەکرا، وەک ئەوەی بە ئەنقەست لەلایەن چەندین ناوەندەوە هەوڵی تێنەگەیشتن هەبێت. ئەمەش وامان لێدەکات ئەم مانایانە دووبارە بکەینەوە بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی ڕوونی لە پەیوەندییە نیشتمانییەکاندا، وەلادانانی تۆمەتە ئامادەکراوەکان و تێپەڕاندنی ئەو بیرۆکە دابەشکەرانەی کە پارتی بەعس لەنێو ڕۆڵەکانی گەلی سووریادا چەسپاندبووی.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە حکومەتی نوێی سووریا بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، تا ئێستا دەستپێشخەریی نەکردووە بۆ کردنەوەی گفتوگۆیەکی جدی و گشتگیر لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورددا، سەرەڕای ئەوەی کە دووەم گەورەترین نەتەوەی وڵاتە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە و بەشێکی ڕەسەنی پێکهاتە نیشتمانییەکەی پێکدەهێنێت. لە کۆنفرانسەکانی دیالۆگی نیشتمانیدا کە بەستران، هەروەها لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ڕاگەیاندنی دەستووری و حکومەتی کاتی و تەنانەت لەوەش کە ئامادەکاری بۆ دەکرێت بۆ پێکهێنانی "ئەنجوومەنی گەل"، ڕێگە بە کورد نەدرا بەشدارییەکی ڕاستەقینە بکات، بەپێی میکانیزم و شێوازێک کە ئەو دەرفەتەیان پێ بدات و مافی سروشتیی خۆیان پێنەدرا بۆ دەربڕینی دیدی خۆیان بۆ داهاتووی وڵات لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی فەرمییەوە. ئەمەش کەلێنێکی گەورەیە لە ڕەوتی گواستنەوەی سیاسیدا و کردارەکانی پەراوێزخستنمان بیر دەخاتەوە کە ئەم پێکهاتەیە دەیان ساڵە بەدەستەوە ئازاری چەشتووە.
بەڵام لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە دۆخی چاوەڕوانیدا نەوەستا، بەڵکو دەستپێشخەریی کرد بۆ داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو و دیدێکی ڕوون، کە گوزارشت لە ویست و ئاواتەکانی گەلی کورد بکات و دڵنیابێت لەوەی کە لە چوارچێوەی نیشتمانیی سووریادا بمێنێتەوە. لە 26ی نیسانی 2025، کۆنفرانسێکی سیاسیی گشتگیر بۆ بزووتنەوەی کوردیی سووریا بەسترا، کە زۆربەی هێزە کاریگەرەکان تێیدا بەشدار بوون و بەڵگەنامەیەکی سیاسیی هاوبەشی لێکەوتەوە کە شێوەی دەوڵەتی داهاتوو و ناسنامەی سیستمی سیاسیی داواکراو دیاری دەکات. بەڵگەنامە هاوبەشە کوردییەکە جەختی لەسەر چەند بنەمایەکی سەرەکی کردەوە:
• گەلی کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە گەلی سووریا.
• سووریای نوێ دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە لەنێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیدا دابمەزرێت.
• لامەرکەزیەت کلیلی مسۆگەرکردنی هاوسەنگی و دادپەروەرییە لە سەرانسەری وڵاتدا.
• دانپێدانانی دەستووریی ڕوون و ئاشکرا بە بوونی گەلی کورد و مافە نەتەوەییەکانی، بەردی بناغەی هەر گرێبەستێکی نوێی نیشتمانییە.
هەروەها بەڵگەنامەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو سیاسەتە جیاکارییانەی کرد کە دژی کورد پەیڕەو کراون، لەپێش هەموویانەوە پڕۆژەی پشتوێنی عەرەبی و سەرژمێرییە نائاساییەکە و هیتر. هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و گەڕاندنەوەی بارودۆخەکە بۆ پێش جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنانە کردەوە. کورد، لە هەڵوێست و وتاری سیاسیی خۆیدا، هەمیشە جەختی لەسەر بژاردەی پتەوکردن و بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی کردووەتەوە کە لەسەر دادپەروەری و هاوبەشی بوونیاد نرابێت. بۆیە پشتگوێخستنیان یان مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک پرسێکی لاوەکی، خزمەت بە پڕۆژەی بوونیادنانی دەوڵەتی نوێ ناکات، بەڵکو هەمان ئەو کێشەیە دووبارە دەکاتەوە کە شۆڕش ڕووخاندی و شەرعیەتی هەر ڕێڕەوێکی گواستنەوە لاواز دەکات.
بەرپرسیارێتی ئەمڕۆ دەکەوێتە ئەستۆی ئیدارەی نوێ کە دەستی گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە و گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا درێژ بکات، لە پێش هەموویانەوە کورد، لە ڕێگەی شاندی هاوبەشی کوردی کە لە کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردەوە هەڵقوڵاوە و تاکە لایەنە کە بۆی هەیە بە ناویانەوە قسە بکات و نوێنەرایەتییان بکات. ئەمەش دەبێت لەو باوەڕەوە سەرچاوە بگرێت کە هیچ داهاتوویەک بۆ سووریا بەبێ هەموو ڕۆڵەکانی نییە و هیچ دەوڵەتێکی دادپەروەر ناتوانێت دابمەزرێت ئەگەر دان بە فرەییەکەیدا نەنێت و یەکسانیی تەواو لەنێوان هاووڵاتییانیدا لە ماف و ئەرکەکاندا مسۆگەر نەکات، بەبێ جیاکاری و پەراوێزخستن.
سوودوەرگرتن لە هاوپەیمانی و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆ و ناوچەکە، پێویستی بە پێشکەشکردنی گەرەنتیی دەستووری هەیە بۆ کورد و خۆ بەدوورگرتن لە سیاسەتی لەخۆگرتنی نەرم لە ڕێگەی دانوستانی پچڕپچڕەوە، بەڵکو پێویستی و گرنگیی خستنەڕووی دیدێکی ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا لە چوارچێوەی نیشتمانیی گشتیدا، ئەمەش پایەکانی سەقامگیری بەهێز دەکات. لەسەر هێزە نیشتمانییەکانی سووریاشە، بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە، کە تێبگەن بوونیادنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن لە چارەسەرێکی دادپەروەرانەی ئەم پرسەوە دەست پێدەکات و مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی سیاسی و کارگێڕیی دادپەروەرانە دەگرێتەوە.
سووربوونی کورد لەسەر هاوبەشییەکی کاریگەر لە نیشتماندا، لە هەستی قووڵی بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و باوەڕی پتەوی بەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەستانەوەی سووریا لەم کەوتنەی، تەنها بە ئاشتبوونەوەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بەدی دێت، کە کەس بەدەر نەکات و نیشتمان لەسەر بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان بوونیاد بنێت.
سەرچاوە: ئەلقودس عەرەبی
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
جامی عێراق ئەمجارە كوردستانییە
10 کاتژمێر لەمەوپێش
ژ خورشید هەرکی هەتا عەمێ گۆزێ؛ ژ فتنە و بەلبەلەیا دەنگبێژان هەتا فتنە و بەلبەلەیا میدیایا جڤاکی
12 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک
11 تەممووز
قسەی دڵی خەڵک لەبارەی مووچە؛ کاتی هەڵوێست و بڕیارە بەرامبەر بەغدا
10 تەممووز
پەتای بەکەلۆری؛ ترس و تۆقاندن لە پێستی زانستدا
9 تەممووز
ئاسایشی قەوارەی هەرێم لە سەروو ململانێ سیاسییەكانەوە
5 تەممووز
ئاڤا تیڤی.. ئەو کەناڵەی هاوسەنگی میدیای کوردی گۆڕی، چۆن؟
2 تەممووز
دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
2 تەممووز
جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە یان تەنیا وەرگرتنی پشوویەکە؟
29 حوزەیران
کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێران.. کرانەوەی نوێ یان مەترسییە کۆنەکان؟
26 حوزەیران
- بیروڕا
- 10 کاتژمێر لەمەوپێش
جامی عێراق ئەمجارە كوردستانییە
- بیروڕا
- 11 تەممووز
شەش ساڵ خۆڕاگری و شکۆی خەونی نەتەوەیەک