دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

کیفاح مەحموود کەریم

کیفاح مەحموود کەریم

نووسەر و توێژەری سیاسی

دۆزی کورد و هاوکێشەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

نەخشەی کوردستانی گەورە بە ئاڵای کوردستان لە وڵاتانی دراوسێ جیاکراوەتەوە، گرافیک: بڕوا ئیبراهیم

دۆزی کورد بە یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت؛ چونکە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییە زۆر هەستیارەکان، کە پرسەکانی سەروەریی نیشتمانی، شوناس، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کورد چوارەمین نەتەوەی ناوچەکەیە لەڕووی ژمارەوە، بەڵام هێشتا لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ بێبەشن و ناوچەکانیان لە دۆخێکی بەردەوامی پەراوێزخستن، ململانێ، یان بەکارهێنانی سیاسیدا دەژین.

سەرەڕای هەموو پرۆسەکانی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە، کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق توانییان ڕیفراندۆمێکی جەماوەری بۆ سەربەخۆیی لە 25ـی ئەیلوولی 2017 بکەن، کە زیاتر لە 72%ی دەنگدەران بەشدارییان تێدا کرد و نزیکەی 93%یان دەنگیان بە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی لە عێراق دا. ئەم دەستکەوتە، ئەنجامی خەباتی دەیان ساڵە و ساڵانێک لە حوکمڕانیی خۆبەڕێوەبەریی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو لەوەتەی 1991، هەروەها جەختکردنەوە بوو لەسەر مافی چارەی خۆنووسین کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، بەتایبەتی لە "ماددەی یەکەم"ی "پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" و "پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان".

بەڵام جێی سەرسوڕمانە، زۆربەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بە ئەمریکا و "یەکێتیی ئەوروپا"شەوە، دانیان بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمەکەدا نەنا، بە بیانووی "پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق"، لەکاتێکدا هەمان ئەم هێزانە پێشتر پشتگیریی سەربەخۆیی باشووری سوودان و هەڵوەشاندنەوەی یوگۆسلاڤیایان کردبوو. ئەم ڕەتکردنەوەیە جۆرێک بوو لە ملکەچبوون بۆ فشارە هەرێمییەکان، بەتایبەتی لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، کە هەر جووڵەیەکی کوردیان بەرەو سەربەخۆیی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دادەنێن.

تورکیا هەر قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی لە عێراق یان سووریا، بە ناوکێکی ئەگەریی دەوڵەتێکی کوردی دەبینێت کە ڕەنگە ئاگری ویستی جیابوونەوە لە ناوخۆی تورکیادا خۆش بکات، کە زیاتر لە 20 ملیۆن کوردی تێدا دەژی. ئەنقەرە دەیان ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاکی عێراق و سووریادا ئەنجام داوە، لەژێر دروشمی شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە بە تیرۆریست پۆلێن کراوە، بەڵام لەڕاستیدا ئامانجی لاوازکردنی هەر ئەزموونێکی حوکمڕانیی کوردیی سەربەخۆ یان نیمچە-سەربەخۆیە، بەتایبەتی لە باکووری سووریا.

ئێرانیش، کە بەشێکی گرنگی کوردستانی لەخۆگرتووە، ترسی لە گواستنەوەی کاریگەرییەکەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە و هەوڵ دەدات دۆخی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی لاوازدا بهێڵێتەوە کە لەڕووی ئابووری و ئەمنییەوە پێیەوە بەسترابێتەوە، هەندێکجار یاری بە ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو ماڵی کورد دەکات.

لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، کورد کەوتنە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگی دژ بە تیرۆر و سەرکەوتنی گەورەیان لە کۆبانێ و موwسڵ و دەوروبەری هەولێری پایتەخت و شوێنەکانی دیکە بەدەستهێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، تۆمەتی "تیرۆر" بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی دژیان بەکارهێنرا، بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە، کە جیاوازی ناکات لەنێوان شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سووریا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەرەڕای ئەوەی یەکەمیان هاوبەشێکی کاریگەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوو بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا لە تێکشکاندنی داعشدا.

ئەم ناکۆکییە پرسیار لەسەر ڕاستگۆیی گوتاری شەڕی تیرۆر دروست دەکات و دووفاقی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کورددا ئاشکرا دەکات، کە لەبری پشتگیری و دانپێدانان، بە پشتگوێخستن یان بۆردوومانکردن پاداشت دەکرێنەوە. ئەمریکا وەک هاوپەیمانی کاتی مامەڵەی لەگەڵ کردن، کاتێک پێویستی پێیان بێت بەکاردەهێنرێن و کاتێک ئەرکەکە کۆتایی دێت، وازیان لێ دەهێنرێت... ئەمە دوای ڕیفراندۆمەکەی 2017 ڕووی دا و جارێکی دیکەش لە سووریا دووبارە بووەوە، کاتێک دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کتوپڕ لە باکووری سووریا کشایەوە و بە تەنیا لەبەرامبەر سوپای تورکیادا بەجێی هێشتن.

ڕووسیاش لەلای خۆیەوە هەوڵ دەدات یاری بە هاوسەنگییەکان بکات؛ جارێک پشتگیریی داواکارییە سنووردارەکانی کورد دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا و جارێکی دیکە کارتی کورد وەک فشارێک لەسەر ئەنقەرە یان دیمەشق بەکاردەهێنێت، بەبێ ئەوەی جددی بێت لە پشتگیریکردنی چارەسەرێکی ڕیشەیی یان پێدانی مافی چارەی خۆنووسین بە کورد.

لە سایەی داخراویی ئاسۆی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی لەسەر ئاستی نزیکدا، ڕەنگە چارەسەری واقیعی و قۆناغی، پەیڕەوکردنی مۆدێلێکی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی بێت کە مافی فراوانی کولتووری، سیاسی و ئابووری بە کورد لە عێراق و سووریا و تورکیا و ئێران ببەخشێت، بەبێ دەستبردن بۆ یەکپارچەیی وڵاتانی ئێستا.

بەمشێوەیە، ئەم مۆدێلە دەتوانێت ببێتە گەرەنتییەک بۆ سەقامگیریی ناوخۆیی، ویستە سەربەخۆییخوازەکان کەم بکاتەوە، هاوکات ڕێز لە تایبەتمەندیی نەتەوەیی کورد بگرێت... هەر دواخستنێک بۆ داننان بە مافێکدا، بوونی ئەو مافە ناسڕێتەوە و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پشتگوێخستنی دۆزی گەلێکی تەواو بەدی نایەت، بەڵکو بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە کە لەسەر بنەماکانی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ بوونیاد نرابێت، نەک تەنیا لەسەر هاوسەنگیی هێز.

شەیری بکە لە: