
گرافیکی ئاڤا
سەردەمانێك بۆ كوردان بە نهێنی، یان لە ناو حاڵەتی ئاوەرتە و بە ڕووبەڕووبونەوەی دەزگا ئەمنییەكان لە هەر پارچەیەكی كوردستان ئاگری نەورۆزیان دەكردەوە.
حكومەتەكانی عێراق و ئێران و توركیا ڕێگەیان نەدەدا كیژ و كوڕانی كورد بە ئازادی ئاگری نەورۆز بكەنەوە و لە شەقامەكاندا ڕووبەڕوویان دەبوونەوە.
گەنجانی كورد بە ڕیسككردن بە ژیانی خۆیانەوە ئەو بۆنەیەیان بەرز ڕادەگرت و مەشخەڵی ئاگری نەورۆزیان لە كوچە و كۆڵانەكان و لەسەر شەقامەكانی شار و لە لووتكەی چیاكان و لەناو گوندەكانیان دەكردەوە.
لە ڕابردوودا گەنجانی كورد ڕووبەرووی ڕاوەدوونان و گرتن دەبونەوە، تاوانەكەشیان ئەوەبوو کە ئاگری نەورۆزیان كردبووەوە، بۆنەی نەورۆزیان وەك جەژنێكی نەتەوەیی بەرز ڕاگرتبوو، چەندین جاریش گەنجی كورد بە جەستەی خۆی ئاگری نەورۆزی كردووەتەوە.
بەڵام ئێستا بارودۆخەكە بە تەواوی گۆڕاوە، ئێستا نەك كوردان بە ئازادی ئاگری نەورۆز دەكەنەوە و سەرەتای ساڵیان پیرۆز ڕادەگرن، بەڵكو حكومەتەكان بە فەرمی پیرۆزبایی نەورۆزیان لێ دەكەن، تەنانەت بڕیارە ئەمساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکكۆماری توركیا خۆی بەشداری ئاهەنگی نەورۆز بكات.
واتە لە توركیای سەردەمی كەمالیزم كە قسە كردن بە زمانی كوردی یاساغ بوو، هەمو دەركەوتنێك وەك كورد بە تاوان دادەنرا تا زمانی كوردییان لە زاری سێ نەوەی تەواو سڕییەوە، كەچی ئەمرۆ سەرۆکكۆماری ئەو وڵاتە خۆی بەشداری گەورەترین ئاهەنگ و جەژنی كوردان دەكات، ئەمە ئاماژەیەكی زۆر گەورەی گۆڕانكاری و سەركەوتنە، ئەمە بەڵگەی بوون و دانپێدانانە.
بەڵام گرنگە ئەوە لە بیر نەكەین، ئەم گۆڕانكارییە گەورەیە لە مێژوی كورد و كوردستاندا بە ئاسانی بەدەستنەهاتووە، یاخود نەیارەكانی كورد بە ئاسانی نەهاتوونەتە پای ئەم دانپێدانانە.
بەڵكو دەرەنجامی كۆڵنەدان و خەبات و پێداگری گەنجان و سەركردەكانی كورد بووە لە پاراستن و چەسپاندنی ناسنامەی كوردبوون لە سەرتاسەری جوگرافیای كوردستاندا، ئەمە دەرەنجامی خەباتێكی چەند ساڵەیە و ئاماژەی سەركەوتنێكی گەورەیە.
ئەمرۆ كە دەبینین بە ئاهەنگی گەورە گەورە هەر لە ڕۆژهەڵاتەوە تا باشوور و تا ڕۆژئاوا و باكوور كوردان كۆدەبنەوە و مەشخەڵی ئاگری نەورۆز هەڵدەكەن، ئەمە گۆڕانكاری كەم نین، بەڵكو ئاماژەی ئەوەیە كورد لە خەباتی سیاسی خۆیدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.
لە هەرێمی كوردستان و بە كەركووکیشەوە زیاد لە كوردی هەر جێگەیەكی تر كوردان چانسی ئەوەشیان هەیە لەژێر پەرچەم و ئاڵای حوكمڕانی خۆماڵی خۆیاندا ئەو ئاهەنگە بەرز ڕابگرن و ئاگری ئەو مەشخەڵە هەڵبكەن، بەڵكو سەرۆكوەزیرانێكی كورد و چەندین بەرپرسی ناوچەیی كورد خۆیان بە دەستی خۆیان مەشخەڵی نەورۆز دادەگیرسێنن.
لە ڕۆژئاوای كوردستانیش گۆڕانكارییەكان و بەرخۆدانی گەلی كورد لەو پارچەیە مانایەكی جیاوازی بە نەورۆزی ئەمساڵ بە خشیوە.
ئەمساڵ كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان پێدەنێنە قۆناغێكی نوێی خەباتی سیاسی كە بەدەستهێنانی حوكمی خۆماڵی و خۆ بەڕێوەبەرییە و دەكرێ ئەمە وەك دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لەو پارچەیەی كوردستان دیاری بكرێت.
كردنەوەی ئاگری نەورۆز لەم بارودۆخە جیاوازانەدا ئاماژەی ئەوەیە هەموو هەوڵەكانی دوژمنانی كورد لە ڕابردوو و بە ئێستاشەوە بۆ سڕینەوەی ناسنامە و بوونی گەلی كورد، شكستی هێناوە و كوردبوون و ناسنامەی سیاسی خۆی لە ناوچەكەدا چەسپاندوە.
ماوەتەوە ئەوەی بە یەكگرتویی و هەماهەنگیی نێوان هێزە كوردستانییەكان ئەم بوونە بە تەواوی بچەسپێنین، هیچ كەس نەبێتە داردەس و پاساوهێنەرەوە بۆ دوژمانی كورد و كوردستان، تا ئەو كاتەی خۆری دەوڵەتی كوردستان لە نەورۆزی داهاتوو بە تەواوی هەڵدێت، پشتیوان بە خوای گەورە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئارما؛ لە نێوان باڵندەی کامەرانی و گورگی خیانەتدا
30 ئاب
سەردەمێکی نوێ بۆ میدیای کوردی؛ قۆناغی ئاڤا میدیا
27 ئاب
تێکدانی جوانی سلێمانی ئیدانە دەکرێت
23 ئاب
لە هەڵەبجە، دیسان ئاگربارانە
19 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟
18 ئاب
ڕابەرێک لە نێوان سیاسەت و چەک و ڕەمزییەتدا؛ خوێندنەوەی نێوان دێڕەکانی پیرۆزباییەکان
17 ئاب
كوژانەوە لە عێراق و داگیرسان لە كوردستان؛ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاری دروست دەكات
13 ئاب
سەبارەت بە پۆپۆلیزم، بە بیانووی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە
13 ئاب
جەنگی غەززە و نهێنیی کەناڵی بن گۆریۆن
11 ئاب
(ئاڤا) لە ناو دڵی سلێمانیدا
9 ئاب
- بیروڕا
- 18 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟