
دوێنێ شەو لەو ئان و ساتەدا کە شەش ملیۆن کورد بە هیواوە چاوەڕوانی پەرلەمانی عێراق بووین کۆببێتەوە و دەنگ بدات بە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید ... گەورە و بچووکمان چاومان لەسەر شاشەکانی تیڤی بوو، لە هەڵەبجەش بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی بە پۆشاكی کوردییەوە، لێو بەخەندە و ڕووخۆش، لێدوانی پڕ جۆش و خرۆشی موتربە بە وەفاداری بۆ یادی شەهیدانیان دەدا بۆ پەیامنێری کەناڵەکان. درووست لەو کاتەدا، خوشک و برای چاوڕەشی عەرەبی سوننە و شیعەی پەرلەمانتار لە کافێتیریای پەرلەمانی عێراقی " فیدراڵ" دا بەوپەڕی حەماس و دەمارگرژییەوە چاو و مێشک و دڵ و دەروونیان لەسەر شاشەکانی تیڤی بوو بۆ بینینی یاریی تۆپی پێی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی (عێراق و فەلەستین) ! ئەوەی پێی بگوترێ خەمی کورد و هەڵەبجە لە فەرهەنگی ئەواندا نەبووە و نییە و سەلکە توورێکی قوڕاوی ناهێنێ !
هاتو هاوار و سەیرکردنی بە کەفوکووڵی ئەو یارییە دوو کاتژمێرییە بۆ پەرلەمانتارانی عەرەب ئەرکێکی نیشتمانیی چارەنووسسازی ئەوتۆ بوو کە بووە هۆی دواخستنی دانیشتنێکی چاوەڕوانکراوی پەرلەمان کە شەش ملیۆن کورد چوار ساڵ زیاترە چاوەڕێی دەکەن.
پەرلەمانتارێکی عەرەب کە مانگانە لە سەروەتی گشتی نزیکەی 9 ملیۆن دینار و مووچەی 16 پاسەوانی هەوایی حەپەلووش دەکات، ئامادە نەبوو تەنها نیوکاتژمێر کاتی دەوامی خۆی ببەخشێت بە کورد و بە هەڵەبجە! کەچی بەو حاڵەیشەوە هەندێ جاشکوردی وڵات و میللەتفرۆش، شەو و ڕۆژ لە شاشە و سۆشیاڵ میدیاوە بانگەشەی خۆ ڕادەستکردن بە عێراقی قووڵایی ستراتیژی دەکەن !
ئەو کوردانەی بەرگری لە عێراقێکی یەکگرتوو دەکەن، چارەنووسیان وەک ئەو یاریزانە کوردە بەرگریکارە دەبێت کە دوێنێ بە نیوەی شەو بە تەنیا لە ناو یاریگە جێیانهێشت !
دوێنێ شەو کە زانیم ئەقڵ و ویژدانی پەرلەمانتاری عەرەبی عێراقی لەبەرخاتری یاریی فوتبۆڵ دانیشتنی پەرلەمان دوادەخەن، بڕیارمدا چیتر دانەنیشم و بچم بخەوم. لەسەر جێیەکەم بەرلەوەی چاوم بچێتە خەو، لە دڵەوە نزایەکم کرد و وتم: خوداکەی کوردی بێ کەس و بێ دۆست و برا .. وەک ئەوەی بە ناهەق ئەم داخەیان کرد بە دڵماندا، هەر ئەمشەو داخێک بکەیت بە دڵی ئەو ( فوتبۆ – مانتارانەی ) عێراقدا !. ئەمڕۆ بەیانی زانیم کە شوکر بۆ خودا داخی دۆڕاندنێکی ئابڕوبەرانە چووە بە دڵی ئەوانیشدا !
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئارما؛ لە نێوان باڵندەی کامەرانی و گورگی خیانەتدا
30 ئاب
سەردەمێکی نوێ بۆ میدیای کوردی؛ قۆناغی ئاڤا میدیا
27 ئاب
تێکدانی جوانی سلێمانی ئیدانە دەکرێت
23 ئاب
لە هەڵەبجە، دیسان ئاگربارانە
19 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟
18 ئاب
ڕابەرێک لە نێوان سیاسەت و چەک و ڕەمزییەتدا؛ خوێندنەوەی نێوان دێڕەکانی پیرۆزباییەکان
17 ئاب
كوژانەوە لە عێراق و داگیرسان لە كوردستان؛ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاری دروست دەكات
13 ئاب
سەبارەت بە پۆپۆلیزم، بە بیانووی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە
13 ئاب
جەنگی غەززە و نهێنیی کەناڵی بن گۆریۆن
11 ئاب
(ئاڤا) لە ناو دڵی سلێمانیدا
9 ئاب
- بیروڕا
- 18 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟