
لە کۆتایی حەفتاکاندا بە سەدان خانەوادەی بارزانی لە چەند ئۆردگایەکی زۆرەملێدا لەژێر چاودێرییەکی تووندی ئەمن و جاش و ڕاپۆرت نووسەکاندا، چەند ساڵێک دەستبەسەرکران.
بەرەبەیانی 31/7/1983 دڕندەکانی بەعسی فاشیست، گەمارۆ و پەلاماری ئۆردوگاکانی قوشتەپە و هەریر و بەحرکە و ڕزگاری و چەند جێیەکی تریاندا.
لە تەمەنی 9 تا 90 ساڵان، هەشت هەزار نێریان کۆکردەوە و ڕاپێچی سەحراو ئاموونی سەماوەیان کردن. لەوێش بەوپەڕی وەحشییەتی و خەمساردییەوە هەر هەشت هەزاریان زیندەبەچاڵکردن. هەشت هەزار ڕۆحی بێتاوان، بێ دادگایی، بێ منەتانە کران بەژێر لمی سەحرای عروبە، هەشت هەزار نا، هەشت ملیۆن هاوار و فیغانی بێ دادیی کە هیچ کەسێک لەم دنیا بەرینەدا نەیبیستن و کەسیشی لە خەونی قووڵی دادپەروەریی ڕانەچڵەکاند.
لە چل و دووهەمین ساڵیادی کۆکوژیی هەشت هەزار مرۆڤی کورد دا، تووڕەیی بورکانی تەقیوی ناخم لە هەشت پرسیاردا دەدەم بەڕووی دونیادا:
1. بە چ تاوانێک زیندەبەچاڵکران ؟
کێ وەڵامم دەداتەوە: ئەو تاوانە گەورە و مەترسیدارە چی بوو کە وای پێویست دەکرد هەشت هەزار کورد بەبێ دادگا، بێ دادوەر و بێ کۆنووسێکی یاسایی تاوانبارکردن، بێ پارێزەرێکی بەرگری، کۆمەڵکوژ بکرێن؟ ئایا بە تەنها تاوانی "بارزانی"بوونیان بەسبوو بۆ ئەوەی هەرهەموویان بەم دڕندەییە لەناو ببرێن ؟
2. جیهان بۆچی بێدەنگ بوو؟
ئەو پایتەختانەی شەو و ڕۆژ باسی مافی مرۆڤ و دادپەروەریی برایەتیی ئوممەی ئیسلامی وێردی سەر زمانیان بوو، ئەو ساتە وەختانە لە گوێی کام گای پترۆلیدا خەوتبوون؟ ئایا خوێن و ڕۆحی مرۆڤی کورد هێندە بێ ڕەنگ و بێ بەهابوو کە سەرنجی هیچ کامیانی ڕانەکێشا؟
3. ئایا ڕاستە هەندێک دەڵێن: سەددامی تاوانبار، هۆشی لەدەستدابوو ؟
نەخێر، سەددام لەوپەڕی هۆشیاریی خۆیدا بوو، شێت نەبوو بەڵام ستەمکارێکی هەڵقوڵاوی ژینگەیەک بوو کە کوشتن و ئاوخواردنەوەی بەلاوە وەک یەک وابوو، گۆشکراوی بیرو باوەڕێکی تووندڕەوی خۆپەرست و دەمارگیربوو، کوڕی بەوەفای مێژووییەکی پڕ لە غەدر و خوێنڕێژی و فتوحاتی هەزار ساڵەبوو کە لە تاریکستانەکانی سەحراوە سەریهەڵدابوو.
سەددام خوێنڕێژێکی ژیر و هۆشیار بوو، جگە لە سوپایەکی ملیۆنی و چەندین دەستگای ئەمنی و هەواڵگریی، ملیۆنان ئەندامی دڵسۆزی بەعس و دەیان دەزگای پەخش و پڕوپاگەندە و ڕاگەیاندنی ناوخۆ و دەوروبەر لەخزمەتیدا بوون.
ئەنفال و کۆمەڵکوژیی کوردان، بڕیارێکی ستراتیژیی دەوڵەتی بەعسی عروبە بوو، نەک کاردانەوە و توڕەییەکی لەناکاوی شێتێکی زۆردار و لە کۆنترۆڵ دەرچوو .
4. بۆچی وەک قوربانییانی هۆڵۆکۆست مامەڵە لەگەڵ قوربانییانی ئەنفال نەکرا؟
بۆچی ئەنفال نەبووە قەیران و خەمێکی مرۆیی گەورە لە دونیادا؟ کوان فیلمەکانی هۆڵیوود؟ کوان پەخشنامەی بەڵگەکانی تاوان، کوان دادگا نێودەوڵەتیەکان، مۆزەخانەکان؟ زانکۆ و سەنتەرەکانی جینۆساید لە دونیای دیموکراسیدا لە کوێ بوون؟ یان وادیارە ئازار و مەینەتییەکانی هەزارساڵەی کورد موویەک لە جەستەی سەرمایەداری و سۆشیالزم و دیموکراسی و شەرع و بەناو خواناسان ڕاستناکاتەوە؟
5. کێن ئەوانەی یادی ژیانی پڕ ئاسوودەیی لە سایەی دەوڵەتەکەی سەددامدا دەکەنەوە ؟
پاش 22 ساڵ لە لەگۆڕنانی سەددام و ڕژێمەکەی، هێشتا لە دونیای عەرەبی و ئیسلامی و ناوخۆشدا خەڵکانێک هەن شیعر و شانامە بە جوانی و خۆشی و ئاسوودەیی 30 ساڵ حوکمی سەددامدا هەڵدەدەن و بە " سەردمی زێرین " و " زمن العز " ناوی دەبەن!
هەر بەڕاستی دەمەوێت بزانم ئەوە چ ئاسوودەیی و خۆشییەکە، دەوڵەتێک گشت پایەکانی خۆی لەسەر گۆڕی بە کۆمەڵ و ئێسکو پروسکی هاووڵاتییانی بێ تاوانی خۆی ڕاگرتبێ !؟ ئەوە چ ویژدانێکە دەریایەک خوێنی بە ناهەق ڕژاوی ملیۆنەها مرۆڤی ئەم وڵاتە نادیدە دەگیرێت و بۆ خوێنڕێژەکان دەپاڕیتەوە و دەلاوێنێتەوە ؟
6. ئایا ئەمڕۆ ئێمەی کورد و هەموو لایەنە سیاسییەکانمان لە ئاستیی هەڵگرتنی ئەمانەتی خوێنی دەیان هەزار شەهیدی ئەنفالەکانداین ؟
زۆر بەکورتی و بەکوردی : بەداخەوە .. نەخێر
7. ئایا تاکەی تەنها بە خەم و فرمێسک ئەم یادانە دەکەینەوە ؟
ئەنفالەکان تەنها چەند لاپەڕەیەکی ڕەش و شوومی مێژووی ئێمە نین. ئەنفالەکان هاوار و بانگەوازێکی بەردەوام و نەبڕاوەی میللەتێکی قوربانیدەر و خەباتکارە لە قووڵایی مێژووەوە پێمان دەڵێ و دەیڵێتەوە : ( یەک هەڵوێست و یەک ئامانج بن .. ئەم خاک و ئاوو هەوایە وا لە ئەستۆی ئێوەدایە.. بنیادیبنێنەوە و گوند و شار وشارۆچکەکانی ئاوەدانبکەنەوە، کەرامەت و سەروەریی تاک بەتاکی خەڵکی ئەم کوردستانە بپارێزن، با تەنها یادکردنەوەکانتان نەریتێکی ساڵانە نەبێت ... بەڵکو بیکەنە ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمان و بەلێنی نیشتمانی و کوردایەتی.)
8. ئایا ئەنفال دووبارە دەبێتەوە ؟
بەڵێ لە 2014 بەدواوە هەتا ئێستا، ڤێرژنێکی نوێی ئەنفال بەردوامە، بە چەکو چۆڵ و بە تۆپ و تەیارەو زیندەبەچاڵکردن نا.. بە غەدر و بە ناپاکی و بە هەڵگەڕانەوە و پەشیمانبوونەوەی "هاوپەیمانەکانی دوێنێمان" لە هەموو پەیمان و بەڵێنەکانیان! ئەنفال بەردەوامە بە پاساوی هیچ و پووچ و بە بڕینی بوودجە و مووچە و برسیکردن و بە درۆن بارانکردن و بە بڕیاری قەرەقوشیی دادگا و هاندان و دنەدانی شەقام و کڕینی سیخوڕ و ڕاپۆرتنووس و وەرگێڕی دەملووسی بەردەم مایکرۆفۆنە ڕەنگاوڕەنگەکان.
با هەموو دونیا بزانێت: خوێنی کورد شەربەت نییە! فرمێسکی دایکی ئەنفالکراوێکی بارزان و گەرمیانیش ئاوێکی لیخن نییە. هەزار ساڵە تابلۆی شەفەقی ئازادیی کورد بە ڕەنگی ئاڵی ئەو خوێنە دەنەخشێنیین. بە سوێراوی دەریایەک فرمێسکی خوێنینی ئەو دایکانە، گوڵی بەریەخەی شاهیدانمان ئاو دەدەین !
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئارما؛ لە نێوان باڵندەی کامەرانی و گورگی خیانەتدا
30 ئاب
سەردەمێکی نوێ بۆ میدیای کوردی؛ قۆناغی ئاڤا میدیا
27 ئاب
تێکدانی جوانی سلێمانی ئیدانە دەکرێت
23 ئاب
لە هەڵەبجە، دیسان ئاگربارانە
19 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟
18 ئاب
ڕابەرێک لە نێوان سیاسەت و چەک و ڕەمزییەتدا؛ خوێندنەوەی نێوان دێڕەکانی پیرۆزباییەکان
17 ئاب
كوژانەوە لە عێراق و داگیرسان لە كوردستان؛ ئیرادەی سیاسی گۆڕانكاری دروست دەكات
13 ئاب
سەبارەت بە پۆپۆلیزم، بە بیانووی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحیدەوە
13 ئاب
جەنگی غەززە و نهێنیی کەناڵی بن گۆریۆن
11 ئاب
(ئاڤا) لە ناو دڵی سلێمانیدا
9 ئاب
- بیروڕا
- 18 ئاب
بۆچی ئاڤام هەڵبژارد؟