جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ دۆخەکە خراپتر دەبێت

شەیری بکە لە:
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ دۆخەکە خراپتر دەبێت

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران

ئاڤا نیوز

 

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران تادێت کاریگەری و لێکەوتەکانی زیاتر دەبن و هەردوولا بە چەندین جۆر چەکی جیاوازی سەنتەری شارەکانی یەکتر دەکەنە ئامانج، وردەوردە کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە خەریکە چەندین وڵاتی زلهێزی دیکەش پەلکێشی جەنگ دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا گۆڕانکاری خێرا لە ناوچەکە بێتە ئاراوە. 

چیرۆکی سەرەکی: جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، حەوت ڕۆژە بەردەوامە، هەر کاتژمێر و ڕۆژێک تێپەڕێت گۆڕانکاریی و لێکەوتەی زیاتر بەدواخۆیدا دەهێنێت، ئیسرائیل بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ناوەندە ستراتیژیی و ئەتۆمییەکانی ئێران، وەکو کاردانەوەیەکیش ئەو وڵاتە سەنتەری تەلئەبیب دەکاتە ئامانج و مووشەکی نوێ و پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت. 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لە ڕاگەیێنراوێکدا کە سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئاسمانییەکانیان بە 20 فڕۆکەی جەنگی چەند هێرشێکی نوێی ئاسمانییان کردووەتە سەر ڕۆژئاوای ئێران و توانا سەربازییەکان و ژێرخانی مووشەکی بالیستیکی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە: ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی نهێنی، پلانێکی پێشنیازکراوەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پەسەند کردووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە نەداوە.

 

زانیاریی زیاتر: شەوی ڕابردوو ئێران و ئیسرائیل هێرشێکی نوێی بەرفراوانیان بە مووشەکی دوورمەودوا و درۆن و فڕۆکەی سەربازی بۆ سەر یەکتر ئەنجامدا. هێرشەکەی ئێران وێرانکارییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە، بە گوێرەی بڵاوکراوەی میدیاکانی ئێران بە 30 مووشەکی بالیستی هێرشەکە کراوە و  دەزگای مۆساد و بارەگایەکی گەورەی فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل و چەند ناوچەیەکی دیکەیان بۆردوومان کردووە.

٠ لەبەرامبەر بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییە سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ئێران نەخۆشخانەیەکی بە ناوی سۆرۆکای بیر شیبا بۆردوومان کردووە و خەڵکی مەدەنی کراونەتە ئامانج.

زیانە سەرەکییەکان: لەبارەی زیانە گیانییەکانیش، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی ئێران بۆ سەر نەخۆشخانەی سۆرۆکای بیر شیبا لە تەلئەبیب، 271 کەس بریندار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا باس لە ژمارەی کوژراوان نەکراوە. 

 

٠ کەناڵ 12ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە: ئێران لە هێرشی ئەمجارەیدا ناوەندە سەربازییەکانی لە حەیفا و تەلئەبیب بە ئامانج گرتووە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە کە بارەی مۆساد و دەزگای هەوڵگری کرابێت ئامانج، باسی لەوەشکردووە کە بەهۆی هێرشەکانەوە باڵەخانەیەک لە باشووری ئیسرائیل داڕماوە، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 50 کەسیش بریندار بوون.


ئەوەی ئێستا ڕوودەدات:

٠ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە: ئێستا ئێران 15مین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە و زیاتر لە 100 درۆنی جۆراوجۆر ئاڕاستەی حەیفا و تەلئەبیب کراوە. 

٠ میدیاکانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکی نوێدا باس لەوە دەکەن کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر بنکەیەکی لوڕستان، شەش سەربازی ئێرانی گیان لەدەستداوە. 

٠ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامی هەیە، بە گوێرەی زانیاریی سێ سەرچاوە کە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەزیان ڕاگەیاندووە، ئێران ناگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ تاوەکو ئیسرائیل هێرشەکانی ڕانەگرێت. 

٠ ئیسرائیل هۆشداریی دەدات لە "هەڕەشەی نوێی بۆمبی کلاستەر" کە لەلایەن ئێرانەوە تەقێندراوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی باسی لەوەکردووە کە ئێران لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆیدا جۆرە مووشەکێکی بەکارهێناوە کە زیانی مرۆیی زۆری لێدەکەوێتەوە.

٠ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران نزیکە 15 مووشەکی دیکە ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی مووشەکان دەگەنە ئیسرائیل و بەرپەرچ دەدرێنەوە. 

٠ میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردووە کە دەنگی تەقینەوەی گەورە لە ناوەڕاستیی تاران دەبیسترێت.

٠ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆتا لێدوانیدا دەڵێت: دەتوانین لە هەرکاتێکدا بێت کۆتایی بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران بهێنین، ئەمریکاش هاوکاریمان دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگری لەخۆمان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران. 

٠ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانمان گەیشتوونەتە ئاسمانی تاران و ئێستا ژمارەیەک ئامانجی نوێ لە کەرەج و تاران بۆردوومان دەکەن. 

٠ کەناڵ 14ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: زۆرینەی کاربەدەست و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل چاوەڕوان دەکەن ترەمپ بەشداریی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بکات. 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ