ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی قۆناغەکانی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ئێران ئاشکرا دەکات
- ڕاپۆرت
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش

وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ
ئاڤا نیوز
لە هەوڵێکدا بۆ نەهێشتنی تواناکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆم، ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردومانی ئێرانیان کرد و ئێستا مشتومڕ لەسەر توانای ئێرانە بۆ بەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
زانیاریی بەدەستهاتوو: ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی شیکاری لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکی ئێران بڵاو کردووەتەوە، هەنگاوەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی خستووەتەڕوو، دواتریش بەراوردی ئەو قۆناغانەی کردووە لە پێش و پاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە.
هەنگاوە سەرەکییەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی چین:
بەردەوامبوونی کاری پسپۆڕانی بوارەکە
پێش هێرشەکان: ئێران لە ماوەی دەیان ساڵدا شارەزایی زانستی و ئەندازیاری لە بواری تەکنۆلۆژیای ئەتۆمیدا بونیات ناوە.
دوای هێرشەکان: ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا لانیکەم 14 کەس لە پسپۆڕانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان کوشتووە. بەڵام لە ئێراندا بەشێکی دیکە لە زانایانی بوارەکە هەن کە بەشێکی زۆریان توانای بەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان هەیە.
کانەکانی یۆرانیۆم
پێش هێرشەکان: ئێران خاوەنی دوو کانی یۆرانیۆمی چالاک بوو کە هەردووکیان لە ناوەڕاستی ئێراندان، و ئەو وڵاتە هیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر قەبارەی ئەو کانانە نەداوە، بەڵام قەبارەی یۆرانیۆمی کۆگاکراوی لە یەکێک لەو کانانە بە ناوی نەریگان بەشی زیاتر لە 50 چەکی ئەتۆمی دەکات.
دوای هێرشەکان: کانەکانی یۆرانیۆمی لە میانی جەنگی 12 ڕۆژەدا نەکراونەتە ئامانج.
گۆڕینی یۆرانیۆم بۆ گاز
پێش هێرشەکان: تاکە دامەزراوەی ناسراو لە ئێران کە بتوانێت یۆرانیۆمی سروشتی بگۆڕێت بۆ گاز، لە شێوەی یۆرانیۆم هێکسافلۆراید، لە ئەسفەهان بوو.
دوای هێرشەکان: مووشەکەکانی ئەمریکا زیانێکی زۆریان بە شوێنی سەرەکی گۆڕینی یۆرانیۆمی ئێران گەیاند، بە ئەگەرێکی زۆرەوە توانای ئێرانیان لەناوبرد بۆ گۆڕینی یۆرانیۆمی سروشتی بۆ ئەو فۆرمەی کە پێویستە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەپێی ڕاپۆرتەکان بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی ساڵانێکی زۆری پێویستە.
پیتاندنی یۆرانیۆم
پێش هێرشەکان: ئەمە قورسترین بەشە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بۆ بۆمب پێویستی بە ڕیزبەندییەکی بەرفراوانی سەنتەرفیوجی خێرا هەیە بۆ خولاندنەوەی گازی یۆرانیۆم و چڕکردنەوەی ماددە کیمیاییەکە، بەپێی زانیارییەکان پێگەکانی نەتەنز و فۆردۆ، زیاتر لە 18 هەزار سەنتەرفیوجیان لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان لە ژێر زەویدا بوون.
دوای هێرشەکان: بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئیسرائیل هەموو سەنتەرفیوجەکانی لە نەتەنز لەناوبردووە، وە رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، سەنتەرفیوجەکان لە فۆردۆ دوای هێرشەکەی ئەمریکا چیتر کارناکەن، لەو بارەیەشەوە ترەمپ وتی دامەزراوەکە بەتەواوەتی لەکارکەوتووە، هەروەها ئیسرائیل ئەو کارگانەی لەناوبرد کە سەنتەرفیوجیان دروست دەکرد.
هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو
پێش هێرشەکان: پشکنەرانی نێودەوڵەتیی ئەمساڵ پێشبینییان کردووە کە ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی نزیک لە پلەی بۆمبی هەیە، کاتێک ئەم بڕە زیاتر بوو، بەسە بۆ دروستکردنی نۆ یان 10 چەکی ئەتۆمی.
دوای هێرشەکان: ڕاپۆرتێکی نهێنی ئەمریکا باسی لەوە کردووە کە بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران پێش هێرشەکان گواستراونەتەوە بۆ شوێنی پارێزراو، کۆشکی سپیش پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە لەناوچووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستووتەڕوو.
گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ کانزا
پێش هێرشەکان: ئێران یەک دامەزراوەی ناسراوی هەبوو بۆ گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دۆخی ڕەقی کانزایی، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە پێش ئەوەی بتوانرێت لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمدا بەکاربهێنرێت.
دوای هێرشەکان: ئیسرائیل دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆمی ئێرانی لە ئەسفەهان لەناوبرد، ئێران بەبێ ئەم دامەزراوە گرنگە ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام سەرچاوەکان هۆشداری دەدەن کە ئێران پێشتر لە شوێنی دیکە کانزای یۆرانیۆمی بەرهەم هێناوە و لەوانەیە شوێنێکی نهێنی هەبێت بۆ ئەنجامدانی کارەکان.
دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی
پێش هێرشەکان: بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی مۆدێرن بەو کانزایە، ئێران پێویستی بە بچووککردنەوەی پێکهاتە گرنگەکان دەبێت، بۆ ئەوەی لەناو کڵاوەی ئەتۆمی مووشەکەکانی جێبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئێران ئەم توانایەی هەیە یان نا، بەڵام شارەزایان پێیان وایە تا ڕادەیەک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و دەوترێت تاقیکردنەوەی لەسەر ئەو بابەتە کردووە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ساڵی ڕابردوو بەو ئەنجامە گەیشتن کە ئێران کار لەسەر ڕێبازێکی خێراتر دەکات بۆ بەرهەمهێنانی چەکە ئەتۆمییەکە.
دوای هێرشەکان: ئیسرائیل چەندین باڵەخانەی لە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی سەنجاریان وێران کرد کە پەیوەندییان بە پەرەپێدانی سیستەمی تەقینەوە و تەقەمەنیەوە هەبووە، بەڵام ڕەنگە ئێران دامەزراوەی دیکەی هاوشێوەی هەبێت.
قۆناغی کۆتایی دروستکردنی مووشەکێکی هەڵگری بۆمبی ئەتۆم
پێش هێرشەکان: ئێران دەتوانێت تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام بدات، وەک ئەوەی کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2006 ئەنجامیدا، چەندین ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی ئەوە ئەنجام بدات، بەڵام ئەگەر بیەوێت لە دوورەوە ئامانجێک بپێکێت، پێویستی بە فڕۆکە یان مووشەک هەیە توانای هەڵگرتنی بۆمبە ئەتۆمییەکەی هەبێت و تا ئەم دواییانەش هەزاران مووشەکی هەبووە کە زۆربەیان دەیانتوانی چەکی ئەتۆمی هەڵبگرن.
دوای هێرشەکان: ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەدان مووشەکهاوێژی ئێرانی لەناوبردووە، بەڵام پێناچێت توانای ئێرانی بە تەواوی سڕیبێتەوە تا بتوانێت ئەو مووشەکانە لە ناوببات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەردۆغان: ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادەین پرۆسەی ئاشتی پەک بخات
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
بە ژمارەیەک مووشەک هێرش دەکرێتە سەر کەرکووک
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
کێشەی مووچەی کەسوکاری شەهیدانی بەرگری و فریاکەوتن چارەسەر دەکرێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
لە دوبەی یەکەم ئەزموونی بەکارهێنانی "تاکسی ئاسمانیی" تاقیدەکرێتەوە
8 کاتژمێر لەمەوپێش
زیرەکی دەستکرد دیاریکردنی نەخۆشی لەبیرچوونەوە دەباتە قۆناغێکی نوێوە
9 کاتژمێر لەمەوپێش
هاتووچۆی سلێمانی چەند ڕێنماییەک دەردەکات
12 کاتژمێر لەمەوپێش
بازاڕی قەیسەریی هەولێر ڕووناك دەكرێتەوە
17 کاتژمێر لەمەوپێش
خەڵکی ڤینیسیا ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی جێف بێزۆسیان تێکدا
28 حوزەیران
- ڕاپۆرت
- 16 کاتژمێر لەمەوپێش
شاباک "گەورەترین تۆڕی"ـی حەماسی لە کەناری ڕۆژئاوا هەڵوەشاندەوە
- ڕاپۆرت
- 26 حوزەیران
ماددەی هۆشبەر و پەتای سەردەم