
زیندان و چیرۆکە جیاوازەکان
ئاڤا نیوز
ساڵانە هەزاران گەنج و تازەپێگەیشتوو لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبنەوە؛ چەندین چیرۆکی جیاوازیش لە زیندانەکاندا هەن کە کەم ڕاستی پشت چیرۆکەکانیان دەزانێت.
وێنە گەورەکە: 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دیاریکراوە، ئامانج لە دیاریکردنی ئەو ڕۆژەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لە مەترسییەکانی بەکارهێنانی ئەو ماددە زیان بەخشە بۆ سەر تەندروستیی تاک و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان.
بڵاوکراوەی فەرمی: حکومەتی عێراق ساڵی 2023 ڕایگەیاند: حەوت هەزار هاووڵاتی بەپێ یاسا دۆسییەکانیان یەکلایبووەتەوە، بە سزای زیندانی یاخود بەندکردنی هەمیشەی و لەسێدارەدان بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێوەی.
هەر بەگوێرەی ئاماری بڵاوکراوە 17 هەزار هاووڵاتی زیندانیکراون کە نیوەیان گەنج بوون، هاوکات هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق 121 گەورە بازرگانی نێودەوڵەتیی و نێوخۆیان لە شارەکانی عێراق لە سەر سنوورەکان دەستگیر کردووە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان:
بە گوتەی نەقیب ئەرکان، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان، تەنها لە ساڵی 2023 لە شارەکانی هەولێر و دهۆک 2482 تۆمەتبار دەستگیرکراون، لەم ژمارەیەش 1070کەسیان ماددەی هۆشبەریان فرۆشتووە و 1412 کەسی دیکەش بەکارهێنەر بوون.
هەر لەم ساڵە بڕی 2343 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن کە لە سووریا و لوبنان هێنرابوون دەستبەسەردا گیراوە، وە 6236 حەبی پزیشکیی دیکەش دەستیان بەسەردا گیراوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی 482 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر.
هەر لە سلێمانی 389 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر دەستبەسەرداگیراوە لەگەڵ دەستگیرکردنی 1070 کەس.
زانیاریی زیاتر: بەهۆی زۆربوونی سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر تازەپێگەیشتوو و گەنج لە هەرێمی کوردستان تووشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبن، ئەمەش کاریگەریی تەواوی لەسەر ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دروستکردووە و وەکو مەترسییەکی ئاشکرا سەیر دەکرێن، لەبەرامبەر ئەمەدا لەلایەن پەیوەندیدارە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی کە کڕین و فرۆشتن بەو ماددانەوە دەکەن.
چیرۆکی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر و هۆکارەکانیان:
یەکێک لەو کەسانەی ساڵانێکە لە زیندان تووشی نەخۆشییەکی هەستیاربووە و ئێستا نایەوێت کەسوکاری ببینێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هەست بە شەرمەزاری دەکات؛ دکتۆرێکی شارەزا و کارامە لە بوارەکەی خۆیدا بەهۆی هەڵخەڵەتاندنی لەلایەن ئافرەتێکی فارسەوە ژیانی بە تەواوی تێکدەچێت.
13 ساڵ بەر لە ئێستا چیرۆکی تووشبوونی دکتۆرێک بە ماددەی هۆشبەر دەستپێدەکات، ئەو کاتەی ژنێکی فارس بەهۆی جوانییەکەیەوە دڵی دەبات و هێواش هێواش بەرەو ژیانێکی سەختی دەبات، وەکو خۆی دەڵێت: فێڵم لێكراوە و وردە وردە فێری بەکارهێنانی ماددەی کردم، سەرەتا بڕێکی زۆر کەمم بەکاردەهێنا و خەرجی کڕینی ژنەکەش لەسەر من بوو، تا دواتر وای لێهات بوومە بەکارهێنەر، حەشیش و کەپتاگۆن وکۆمەڵێک ماددەی دیکە بوونە هاوڕێم و دواجار خۆم لە سوچی زیندان بینییەوە.
ئەم دکتۆرە، تەمەنی نەگەیشتووەتە 30 ساڵ و ئینگلیزییەکی زۆر باش قسەی دەکرد و بە گوتەی خۆی: کاری پزیشکی بووە و بازرگانی فرۆشتنی ئاسنیش بووە، لە پاڵ ئەوەشدا لە نەخۆشخانەی حکومی و ئەهلیش وەکو پزیشکی سڕ کردن کاریکردووە و بەرلە دەستگیرکردنی لە تاقیکردنەوەی بۆردبووە.
هەرزەکار و قوربانییەکانی:
پاکیزە، کچێکی تەمەن 14 ساڵە و شەش مانگ دەبێت زیندان بووەتە شوێنی مانەوە، وەکو خۆی دەڵێت: هەر جارێک دایکم سەردانم دەکات 14 هەزار دینارم پێدەدات و ئەوێش بە جگەرە دەدەم. ئەگەر چی پاکیزە تەمەنێکی بچووکی هەیە بەڵام دەڵێت، ئافرەتێکی سووری بە چەند گرمێک کریستاڵ فێری بەکارهێنانی ئەو ماددەی کردم. ئێستا ئەو تازە پێگەیشتووە هەموو ددانەکانی وێرانبوون و تۆنی دەنگی بە تەواوی گۆڕاوە، ئەمەش وایکردووە بە ئەستەم بناسرێتەوە چونکە هەڵسوکەوت و ڕووخسار و دەنگی هیچی وەکو خۆی نەماوە.
ئامارە مەترسیدارەکان و هەڵکشانی ڕێژەی تووشبووان:
ژمارەی قوربانییانی ماددە هۆشبەرەکان تا دێت ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و زیندانەکان بوونەتە شوێنی مانەوەی ئەو ژن و منداڵانەی تووشی ئەمە بوون، بەڵام لەنێو ناسنامەی بازرگان و بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان هەڵگری ڕەگەزنامەی سووری و ئێرانین بەڕێژەیەکی بەرچاو.
خانەوەدایەک تووشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبن:
لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی نزیک لە شاری هەولێر، باوکێکی سووری پاش ئەوەی خۆی و هاوسەرەکەی تووشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبن، ئێستا لە کۆی شەش منداڵ چواریان بەکارهێنەری ئەو ماددەیەن، یەکێک لە منداڵەکان تەنها تەمەنی 13 ساڵە، دوای ئەوەی لە دایکییەوە فێری بەکارهێنانی کریستاڵ دەبێت، لە یەکێک لە ترافیک لایتەکان گوڵ دەفرۆشێت و ماددەی هۆشبەریش دابەش دەکات؛ دوای ئەوەی هەڵسوکەوتی نامۆی دەکەوێتە بەرچاوی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دواجار بەبەڵگەوە دەستگیر دەکرێت کە ماددەی لە ناوگیرفان و لەناو ماڵەکەیاندا هەبووە.
سێکس و توڕە کۆمەڵایەتییەکان :
ئیسرا ژنێکی تەمەن 20 ساڵانە و خاوەنی منداڵێکە لە دەرەوەی زیندان و منداڵێکی دیکەشی لە سکدایە؛ ئەو ژنە باس لەوە دەکات لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کوڕێکی خەڵکی بەغدا دەناسێت بە ڕێککەوتن لەگەڵی ڕادەکات و مێردەکەی بەجێدەهێڵێت.
بە گوتەی خۆی: چیرۆکی وێرانکردنی ژیانم لەو ئێوارەیەوە دەستپێدەکات کە بە قسەی باق و بریقی ئەو کوڕە تێکەوتم و چوومە کافتریایەک لەگەڵیدا، لەوێوە بڕیاری ڕۆشتنمان بەرەوە بەغدا دا، بەڵام لە قەزای خەبات خۆم بینییەوە و دوای چەند ڕۆژێک لە خۆشاردنەوە لەوێشەوە بۆ شووقەیەکی شاری هەولێر.
هەر بەمانەوەم لەو شووقەیە هەموو شتێک گۆڕا، ئەو کوڕە بەیانییان دەڕۆشت و هەموو موبایل و هەموو شتێکی لێ وەردەگرتمەوە، تا وای لێهات شەوان لەگەڵ ئەو کوڕە دەستم کرد بە کێشانی ماددەی هۆشبەر و شتی خراپ نەما بەیەکەوە نەیکەین.
سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە:
لە عێراق کریستاڵ و کەپتاگۆن و میسامفیتامین لە زۆرینەی شارەکانی عێراق بڵابووەتەوە، کە زۆرینەی سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی ئێران و سووریا و ئەفغانستان، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانیش دەستیان هەیە لەم پڕۆسەیە.
گرفتە سەرەکییەکە:
بەگوێرەی یاسای عێراق لە ساڵی 1965دا، هەر کەسێک بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوایە 15 ساڵ سزای زیندانی بۆ دیاریکرابوو بەڵام ئەو یاسایە ساڵی 2017 هەموارکراوەتەوە سزاکەی کەمکراوەتەوە بۆ دوو ساڵ، سزای دارایشی کراوەتە بڕی 10 ملیۆن دۆلار.
لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق، بازرگانانی ئەو ماددەیە بێبەرامبەر ماددەکان بڵاودەکەنەوە، بە ئامانجی ئەوەی کڕیار بۆ خۆیان بدۆزنەوە، ئێستا وای لێهاتووە لە بەشێک لە شارەکان یەک دەنک حەب بە دوو دۆلار دەفرۆشێت.
چارەسەر و پاکبوونەوە:
پسپۆڕێکی تەندروستیی دەڵێت: شارەکانی عێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر لە عێراق و سووریا و لوبنان هاوردەکراوە، کە مەترسییەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ سەر داهاتووی گەنجان.
ئەو شارەزایە باس لەوە دەکات، پاکبوونەوە لە ماددەی هۆشبەر چەند ڕێگەیەکی هەیە و دەکرێت بە ڕاهێنان و دوورکەوتنەو لە کەسی بەکارهێنەری دیکە پارێزبەندی دروست بکرێت، هاوکات زیندانیش چارەسەرە چونکە کەسەکە ناتوانێت دەستی بەو ماددەیە بگات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 42 خولەک لەمەوپێش
نەتەنیاهۆ داوا دەکات دادگاییکردنەکەی دوابخرێت
- بزنس
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
حكومەتی هەرێمی كوردستان ورد و درشتی خەرجی و داهاتەكانی دەخاتەڕوو
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ هاووڵاتییانی هەولێر بۆ خۆپاراستن لە گەرما کڵاو بەکاردەهێنن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
دیاردەیەکی فەلەکیی سەرنجڕاکێش: لەوانەیە هەسارەی زەوی کورتترین ڕۆژی مێژوو بەخۆیەوە ببینێت
3 کاتژمێر لەمەوپێش
توێژەران چەند ئامۆژگارییەک بۆ کەمکردنەوەی کابووسەکان دەخەنەڕوو
4 کاتژمێر لەمەوپێش
موسڵمانێک بۆ سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک کاندیدە
19 کاتژمێر لەمەوپێش
ترەمپ لە کۆبوونەوە و ڕاگەیێنراوە درێژەکانی ناتۆ بێزارە
20 کاتژمێر لەمەوپێش