لە ئاڤاوە دەقی "ڕێککەوتنی ترەمپ"ی نێوان ئیسرائیل و حەماس بزانە

شەیری بکە لە:
لە ئاڤاوە دەقی "ڕێککەوتنی ترەمپ"ی نێوان ئیسرائیل و حەماس بزانە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ئاڤا نیوز


هەوڵە نێودەوڵەتیییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە و ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی گشتگیر بەردەوامن و حەماس ڕایگەیاندووە، ئامادەن بچنە نێو دانوستانەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە.

 

چیرۆکی سەرەکی: پێشنیازێک لەلایەن وڵاتانی نێوەندگیر ئەمریکا، میسر و قەتەرەوە ئامادە کراوە و گەرەنتی ئەوە دەدات کە گفتوگۆی جددی بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی ئەنجام بدرێت، کە ئەمەش داواکاریی سەرەکیی حەماس بووە و پێشتر ئیسرائیل ڕەتی کردبووەوە.

 

بڵاوکراوەی فەرمی: ئاڤا میدیا وێنەیەکی ئەو دەقە نوێیەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و "حەماس"ی دەستکەوتووە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات پێش دیداری لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن لە ڕۆژی دووشەممەدا، جێبەجێ بکرێت.

 

زانیاریی زیاتر: ئەم پێشنیازە، کە بە "ڕێککەوتنی ترەمپ" ناسراوە، ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو مانگ، ئازادکردنی بارمتە و دیلەکان و ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان لەلایەن ئیسرائیل و "حەماس"ـەوە لەخۆدەگرێت.

 

دەقە نوێیەکە ڕەچاوی تێبینییەکانی "حەماس"ی کردووە لەسەر دەقێکی پێشووتر کە ڕادەستی هەردوو لا کرابوو. دوێنێ "حەماس" ڕایگەیاند، کە لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکانی دیکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازە هەموارکراوەیە دەکات کە لەلایەن قەتەر و میسرەوە لە نێردەی ئەمریکی، ستیڤ ویتکۆف، پێی گەیەنراوە. ئەوەشی خستەڕوو کە "دوای کۆتاییهاتنی ڕاوێژەکان، بڕیاری کۆتایی ڕادەستی نێوەندگرەکان دەکات و ئەوەش بە فەرمی ڕادەگەیەنێت."


چوارچێوەیەک بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست:

1. ماوە: ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ. سەرۆک ترەمپ پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست لە ماوەی ڕێککەوتوو لەسەریدا گەرەنتی دەکات.

2. ئازادکردنی بارمتەکان: 10 بارمتەی ئیسرائیلی زیندوو و 18 تەرم، لە "لیستی 58"ـەوە، لە ڕۆژانی 1 و 7 و 30 و 50 و 60 بەم شێوەیەی خوارەوە ئازاد دەکرێن: 

- ئازادکردنی 8 بارمتەی زیندوو لە ڕۆژی 1.
- ئازادکردنی 5 تەرمی بارمتە لە ڕۆژی 7.
- ئازادکردنی 5 تەرمی بارمتە لە ڕۆژی 30.
- ئازادکردنی 2 بارمتەی زیندوو لە ڕۆژی 50.
- ئازادکردنی 8 تەرمی بارمتە لە ڕۆژی 60.

3. هاوکارییە مرۆییەکان: هاوکارییەکان دەستبەجێ دەنێردرێن بۆ غەززە، لە کاتی ڕەزامەندیی حەماس لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست. ئەمەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت کە لەبارەی هاوکارییەوە بۆ دانیشتووانی سڤیل دەگەنە ئەنجام، لە ماوەی ڕێککەوتنەکەدا پابەندیی پێوە دەکرێت، بە شێوەیەک کە ڕێککەوتنەکە گەیشتنی هاوکاری بە بڕی گونجاو و پێویست لەخۆبگرێت بەپێی ڕێککەوتنی 19ی کانوونی دووەمی 2025 سەبارەت بە هاوکارییە مرۆییەکان. هاوکارییەکان لەلایەن هێزێکی ڕێککەوتوو لەسەرییەوە دابەش دەکرێن کە نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سووری تێدا دەبێت.

4. چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل: هەموو چالاکییە سەربازییە هێرشبەرانەکانی ئیسرائیل لە غەززە لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەدا ڕادەوەستن. لە ماوەی ئاگربەستدا، جووڵەی ئاسمانی (سەربازی و چاودێری) لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی 10 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، یان 12 کاتژمێر لەو ڕۆژانەی کە ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانی تێدا دەبێت، ڕادەگیرێت.

5. دووبارە جێگیرکردنەوەی سوپای ئیسرائیل: 

a- لە ڕۆژی 1، دوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان "8 زیندوو"، دووبارە جێگیرکردنەوە لە بەشی باکووری کەرتی غەززە و لە ڕێڕەوی نێتزاریم، بەپێی ماددەی 3ی پەیوەست بە هاوکارییە مرۆییەکان و لەسەر بنەمای ئەو نەخشانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەر دەکرێت.

b- لە ڕۆژی 7، دوای ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان "5 تەرم"، دووبارە جێگیرکردنەوە لە بەشی باشووری کەرتی غەززە بەپێی ماددەی 3ی پەیوەست بە هاوکارییە مرۆییەکان و لەسەر بنەمای ئەو نەخشانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەر دەکرێت.

6. دانوستانەکان: لە ڕۆژی 1، دانوستانەکان لەژێر چاودێریی نێوەندگیرەکان - گەرەنتیکارەکان دەست پێدەکات سەبارەت بە ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت: 

a- کلیل و مەرجەکان بۆ ئاڵوگۆڕی هەموو بارمتە ئیسرائیلییە ماوەکان، کە ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت، لە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل.

b- بابەتەکانی پەیوەست بە دووبارە جێگیرکردنەوە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و ڕێکخستنە ئەمنییە درێژخایەنەکان لە کەرتی غەززە.

c- ڕێکخستنەکانی پەیوەست بە "ڕۆژی دواتر" لە کەرتی غەززە کە لەلایەن هەر یەکێک لە لایەنەکانەوە پێشنیاز دەکرێت.

d- ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی.

7. پشتیوانی سەرۆکایەتی: سەرۆک جددییە لەسەر پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دانوستانەکان لە ماوەی ئاگربەستی کاتیدا، ئەگەر بە سەرکەوتوویی و بە ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکاندا کۆتایی بێت، دەبێتە هۆی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ململانێکە.

8. ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکان: لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە زیندوو و تەرمە ئیسرائیلییەکان بەپێی ماددەی (2)ی سەرەوە، ئیسرائیل ژمارەیەکی ڕێککەوتوو لەسەری زیندانیی فەلەستینی ئازاد دەکات. پرۆسەی ئازادکردنەکە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ ئازادکردنی بارمتەکان بەپێی ماددەی (2)ی سەرەوە و بەپێی میکانیزمێکی ڕێککەوتوو لەسەری و بەبێ نمایش و مەراسیمی گشتی.

9. دۆخی بارمتە و زیندانییەکان: لە ڕۆژی 10، حەماس زانیاری تەواو (بەڵگەی ژیان و ڕاپۆرتی باری تەندروستی / بەڵگەی مردن) سەبارەت بە هەموو بارمتە ماوەکان پێشکەش دەکات. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل زانیاری تەواو سەبارەت بەو زیندانییە فەلەستینیانە پێشکەش دەکات کە لە دوای 7ی تشرینی یەکەمەوە لە کەرتی غەززە دەستگیرکراون و تەرمی ئەو کەسانەی کەرتی غەززە ئامادە دەکات کە لە ئیسرائیلن. حەماس پابەند دەبێت بە مسۆگەرکردنی تەندروستی و چاودێری و ئاسایشی بارمتەکان لە ماوەی ئاگربەستدا.

10. ئازادکردنی بارمتە ماوەکان لە کاتی ڕێککەوتندا: دەبێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا دانوستانەکان سەبارەت بە ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی کۆتاییان بێت. لە کاتی ڕێککەوتندا، باقی بارمتە ئیسرائیلییەکان (زیندوو و تەرم) لە "لیستی 58"ـی پێشکەشکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن. ئەگەر دانوستانەکان سەبارەت بە ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ماوەی دیاریکراودا تەواو نەبن، دەکرێت ئاگربەستی کاتی درێژبکرێتەوە بەپێی ماددەی (11)ی خوارەوە.

11. گەرەنتیکارەکان: نێوەندگیرەکان – گەرەنتیکارەکان (ویلایەتە یەکگرتووەکان، میسر، و قەتەر) گەرەنتی ئەوە دەکەن کە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، گەرەنتی ئەوەش دەکەن کە گفتوگۆی جددی ئەنجام دەدرێت سەبارەت بە ڕێکخستنە پێویستەکان بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی. 

نێوەندگیرەکان بەردەوامی دانوستانە جددییەکان بۆ ماوەیەکی زیادە گەرەنتی دەکەن – ئەگەر پێویست بکات – بەپێی ئەو ڕێکارانەی لەم چوارچێوەیەدا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە.

12. سەرۆکایەتی نێردە: نێردەی تایبەت باڵیۆز ستیڤ وینکۆف، دێتە ناوچەکە بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە. ستیڤ وینکۆف، سەرۆکایەتی دانوستانەکان دەکات.

13. سەرۆک ترەمپ: سەرۆک ترەمپ بە شێوەیەکی کەسی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە ڕادەگەیەنێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرۆک ترەمپ پابەندن بە کارکردن بۆ گەرەنتیکردنی بەردەوامی دانوستانەکان بە نیازپاکی تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ