لە سلێمانی یادی 53 ساڵەی کۆچی دوایی حەسەن زیرەک دەکرێتەوە

شەیری بکە لە:
لە سلێمانی یادی 53 ساڵەی کۆچی دوایی حەسەن زیرەک دەکرێتەوە

وێنەی حەسەن زیرەک - گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

لە سلێمانی کۆمەڵەی تیپە میللییەکان چالاکی تایبەتیان بە یادی 53 ساڵەی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەک ڕێکخستووە و تێیدا موزیک وگۆرانییەکانی حەسەن زیرەک دەگوترێنەوە.

وێنە گەورەکە: ئەمڕۆ 53 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ناوسراوترین هونەرمەندی کورد (حەسەن زیرەک)دا  تێدەپەڕێت، لەو ڕۆژەدا لە چەندین شوێن لە هەولێر و سلێمانی یادی بە بەرزی  و بە نەمری ڕاگیرا و چالاکی بۆ ڕێکخرا.

زانیاریی پەیامنێر: لە سلێمانی ژیوار عەبدولرەحمان، پەیامنێری ئاڤا میدیا چووەتە ماڵی سۆفی کەریم، ئەو ماڵەی کە حەسەن زیرەک چەندین گۆرانی تێیدا تۆمارکردووە، لەوێ زانیاری سەرنجڕاکێشی لەبارەی حەسەن زیرەکەوە وەرگرتووە، دواتر چووتە کۆمەڵەی تیپە میللییەکان لە سلێمانی کە خەریکی ئامادەکارین بۆ تێپەڕینی 53 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەسەن زیرەکدا.

لەلایەکی دیکەوە: نەجات فارس، پەیامنێری ئاڤا میدیا لە شاری هەولێر تۆمارگەیەک 
بەسەر دەکاتەوە کە کۆنترین تۆمارگەکانی کوردستانە و خاوەنەکەی ناوی "ئەمجەد قەسابە" و تەواوی بەرهەمەکانی حەسەن زیرەکی کۆ کردووتەوە، ئەو خاوەن تۆمارگەیە دەڵێت، 53 ساڵە حەسەن زیرەک کۆچی دوایی کردووە، بەڵام هێشتا خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمەکانی هەیە.

بەشێکی وێستگە گرنگەکانی ژیانی

حەسەن زیرەک لەساڵی 1921 لە بۆکانی ڕۆژهەڵات لە دایکبووە، سەرەڕای دەنگە خۆش و تایبەتەکەی بە چەندین سەختی ژیانیدا تێپەڕیوە. لە دوای مردنی باوکی، دایکی ژیانی هاوسەری دووبارە پێکدەهێنێتەوە، بۆیە ئەرکی بەخێوکردن و
دابینکردنی بژێوی ژیانی خوشک و براکانی دەکەوێتە ئەستۆ و ناچار چەندین کاری کردووە و دەربەدەری چەندین شار و وڵات بووە، وەک خۆی دەڵێت (ڕۆم و عێراق و ئێران گەڕاوم، بەڵام لە هیچ شوێنێک جێگەم نەبۆتەوە).

نەهامەتی و دەردەسەری تا سەر بۆ حەسەن زیرەک بەردەوام نابێت، تا ئەوکاتەی لە ساڵەکانی 1954 و 1955 بۆ یەکەمینجار دەنگی لە ڕادێوی بەغداد بڵاودەبێتەوە، هەر ئەو دەنگەیە کە هەتا ئێستاش لە گوێی هەموو کوردێک ماوە و بۆتە خۆشەویستی هەر ماڵێکی کوردی ڕەسەن.

باس لەوەش دەکرێت کە هونەرمەند "حەسەن زیرەک" گۆرانی وتنیشی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خوشک و براکانی بووە کە ئەوکات بە 6 دیناری ئەو سەردەمە بە گۆرانی لە ئێستگەی بەغدا ئەم بڕە پارەیەی بە دەستهێناوە.


دوای دامەزراندنی ئێستگە کوردییەکان لە کرماشان و سنە، هونەرمەند "حەسەن زیرەک" لەوێ درێژە بە خزمەتی هونەری خۆی دەدات. وەک دەڵێن، حەسەن زیرەک یەکەم کەس بووە کە ئەو کاتە بە کوردی گۆرانی بە هونەرمەندانی ئازەری و فارس وتووە، خۆشی شارەزاییەکی زۆری هەبوو لەو دوو زمانەدا.

لەو ئێستگە کوردییانەدا شیعری شاعیران ڕێگە پێنەدراو بوون بڵاوبکرێنەوە، بەڵام ئەو کات حەسەن زیرەک بە گۆرانی ئەو شیعرانەی دەوت و بەو جۆرە  بڵاو دەکرایەوە. 

هاوکات، لەبەر زۆری ئەو نەهامەتی و گرتنانەی کە بەسەر حەسەن زیرەکدا هاتووە و بەجۆرێک بێزاڕیان کردووە، بۆیە وازی لە هەموو شتێک هێناوە و وتوویەتی "هونەر لە ناو کورددا قەدری نەما، ئەوەتا لەم کێو و شاخە چایخانەیەکم داناوە و ڕازیم پێی و کاسبی خۆم دەکەم". باس لەوە دەکرێ، شوێنەکەی کەلاوەیەک بووە و کردوویەتی بە چایخانە، تەنانەت چایخانەکەشی جێگای کۆبوونەوەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بووە.

سەردەمانێک دیارنەمانی حەسەن زیرەک دەبێتە لەلای خەڵکی دەبێتە قسە و باس

دوای کردنەوەی چایخانەکەی و دوورکەوتنەوەی لە هونەر، دیار نەمانی حەسەن زیرەک دەبێتە قسە و باسی خەڵکی و دەوترا:

- بۆ حەسەن زیرەک دیار نەماوە؟

- بۆ لە ئێستگە کوردییەکان دەنگی نەماوە؟

- بۆچی ماوە بە ماوە دەکەوێتە زیندان؟

حەسەن زیرەک لە وەڵامی ئەو قسانەدا دەڵێت، "ئەم بابەتە نهێنییەکە  وا لە دڵمدایە، گەر بیڵێم زمان دەسووتێ، گەر بیشارمەوە و نەیڵێم مێشک و ئێسقان دەسوتێ".

ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: هونەرمەند، حەسەن زیرەک گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانی کوردی هەبووە، نزیک بووە بۆ مێژووی کورد و گۆرانییەکانی هەتا ئێستاش لەسەر زارە. 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ساڵی 1972 دوایین وێستگەی ژیانی هونەرمەند، حەسەن زیرەک بوو کە لە 26ی مانگی شەشدا تەواوی شاری بۆکان ماتەم دایدەگرێت و تەواوی خوێندنگە و شوێنەکان بەهۆی ماتەم گێڕان بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند حەسەن زیرەک دادەخرێن و دەڵێن، دیمەنی ڕۆژی مردنی هونەرمەند حەسەن زیرەک لە وتن نایەت، گەورە و بچوک، گەنج و پیر بە چاوی پڕ فرمێسکەوە لەگەڵ تەرمی حەسەن زیرەک بەرەو گۆڕستان بەڕێی دەکەن". 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ