ئاژانسی فڕۆکەوانیی ئەوروپا لەبارەی ئاسمانی پێنج وڵات ڕێنمایی نوێ دەردەکات

شەیری بکە لە:
ئاژانسی فڕۆکەوانیی ئەوروپا لەبارەی ئاسمانی پێنج وڵات ڕێنمایی نوێ دەردەکات

جوڵەی فڕۆکەوانی لە ئاسمانی چەند وڵاتێک

ئاڤا نیوز

ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆکەوانیی یەکێتیی ئەوروپا 'EASA' لەبارەی دۆخی ئاسمانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بەر لە چەند ڕۆژێك بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ، بە "زۆنی ململانێ" پۆلێنی كردبوو، ئێستا بە ناوچەی سەلامەتیی فڕین ناودەبات و ڕاگەیێنراوەكەشی تا كۆتایی ئەم مانگە، كارایە.

 

چیرۆكی سەرەكی: هەر لە ڕۆژی دەستپێكی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە 13ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆكەوانیی یەكێتیی ئەوروپا، ئاسمانی وڵاتانی (ئێران، عێراق، ئیسرائیل، ئوردن و لوبنان) بە ناوچەی نائارام (ئاسمانی ڵێڵ) پۆلێن كرد و داوای كرد هەرجۆرە گەشتێكی ئاسمانیی مەدەنی بە ئاسمانیی ئەو پێنج وڵاتە تێپەڕ نەبێت و ئاگاداریییەكەش تاوەكو 20ـی حوزەیران بوو، تێیدا فڕین لە هەموو ئاستەكانی بەرزیدا لە ئاسمانی ئەو وڵاتانە قەدەغە كرا، هاوكات هۆشداری بە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەكانی كیشوەری ئەوروپا دا كە بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە ئاسمانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور بگرن.

 

زانیاریی زیاتر: بەهۆی بەردەوامبوونی گرژییە سەربازییەكان، ئاژانسی سەلامەتیی فڕۆكەوانیی یەكێتیی ئەوروپا، وادەی قەدەغەكردنی فڕینی مەدەنی لە ئاسمانی پێنج وڵات تاوەكو 30ـی حوزەیران درێژكردەوە.

 

هۆكارە زانراوەكان: ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان نەک تەنیا بۆ ئاسمانی دوو لایەنەكەی شەڕ؛ ئێران و ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ ئەو وڵاتانەی كەوتوونەتە نێوانیان (عێراق، ئوردن و سووریا)، مەترسیدار بوو. ئەوەش بەهۆی بەردەوامی چالاكییە سەربازییە زیانبەخشەكان، لەبەر بوونی سیستمی بەرپەرچدانەوەی مووشەك، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئاستی بەرز، سیستمی پێشكەوتووی مووشەكی ڕووكار بۆ ئاسمان، ڕەتبوونی مووشەكە كروز و بالیستییەكان، فرۆكەی بێفرۆكەوان، بەكارهێنانی سامانە ئاسمانییەكان كە توانای كاركردنییان هەیە لە هەموو جۆرە بەرزاییەكاندا، كە هەموو ئەوانە و چەندانی تریش ببوونە هەڕەشەی ڕاستەقینە و جددی بۆ ئاسمانی ناوچەكە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: تێكڕای بەرزی فڕینی فرۆكە مەدەنییە نەفەرهەڵگرەكان، لەنێوان 9100 مەتر بۆ 12800 مەترە، ئەمەش هەمان ئەو بەرزییە كە مووشەكە بالیستی و كرووزەكانی پێ هەڵدەدرێت.

 

لەلایەكی دیكەوە: ئاژانسی سەلامەتیی فرۆكەوانی ئاماژەی بەوەشكردبوو، ئاسمانی سنوورەكانی ڕۆژئاوا و باشووری ئیسرائیل، بەشێك لە قاهیرە و تێكڕای بیابانی سینا لە میسڕ و بەشی باكووری شاری جددە لە سعوودیە، بە ڕێژەی مامناوەند مەترسییان لەسەرە بەڵام بەو ئەندازەیە نابێتە مەترسی كە قەدەغەی هاتووچۆ، ڕێكارێكی پێویست بێت.

 

مەترسی پێشبینیكراو: ئاژانسەكە بە ئاماژەدان بە ڕێككەوتنی ئاگربەست بۆچوونی وایە كە دۆخەكە ئێستا سەقامگیرە و ئاسمانی بە "ڕوون"، وەسف كردووە بەڵام هێشتا ئەگەری كردەی سەربازی و دووبارەبوونەوەی مەترسییەكان لەئارادایە، كۆمسیۆنی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی وردی دۆخەكە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ