شاخەوان عەبدوڵڵا: جارێکی دیکە ئەوە سەلمێنرا، یەکڕیزی چەکێکی بەهێزە

شەیری بکە لە:
شاخەوان عەبدوڵڵا: جارێکی دیکە ئەوە سەلمێنرا، یەکڕیزی چەکێکی بەهێزە

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێراق لەبارەی لێکتگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، مایەی خۆشحاڵیە دوای 80 ڕۆژ مووچەخۆران هەواڵێکی خۆش دەبیستن ئەویش وەرگرتنی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی ئەمساڵە. هاوکات دەرکەوت یەکڕیزی چەکێکی کاریگەرە.

وێنە گەورەکە: دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی، دواجار ڕۆژی 16ـی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان واژۆی لەسەر لێکتێگەیشتنێک کرد و ڕۆژی دواتر حکومەتی عێراق ڕێککەوتنەکەی واژۆ کرد و بڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر هۆشیاری خەڵکی کوردستان و درککردنیان بە پیلانی لەناوبردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان نەبێت ئەوە چ ئیرادەیەکە بتوانێت بەرگەی سەختی ژیان و بێ موچەیی بگرێت بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ. ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەگۆڕنا کە دەیانگوت هەستی نیشتیمانی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان نەماوە یان لاواز بووە .

د.شاخەوان عەبدوڵڵا ئەمانەشی ڕاگەیاندووە:

٠ دیسان ئەوە سەلمێنرا هێز لەیەکگرتن و یەکڕیزییە و چەکێکی بەهێزە بۆ زامنکردنی مافەکانمان و ڕووبەڕوبونەوەی هەر پیلانێک لەدژی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان .

٠ مایەی داخە هەندێ کەس و لایەن کە لەپەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن نابەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەران کرد، بەداخەوە هەرکات نزیکبوونەوە و ڕێکەوتن دروست دەبوو لێدوانێکی نابەرپرسانە یان بڵاوکردنەوەی داتایەکی نادروست ڕێکەوتنەکانی دوادەخست تا ئەو کاتەی دەسەلمێنرا ئەو زانیارییە دوورە لە ڕاستی، بەداخەوە خۆش باوەڕی بەرپرسانی ئیتحادیش بۆ ئەو فەیسبووکچی و لایڤچیانە لەجێگای خۆی نەبوو، تاوەکو ئەم دوایانە بۆیان دەرکەوت تەنیا ئەو داتاو ژمارانە ڕاستن کە لەلایەن حکومەتەوەو بەفەرمی پێشکەشیان دەکرێت.

٠ ناکرێت هێزێکی سیاسی هەبێت یان کەسێک لەهەرێمی کوردستان حەز بکات مووچە خەرج نەکرێت و خەڵک برسی بکرێت و کێشەکان بەردەوام بێت تەنیا بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردن سوودی لێوەربگرێت.

٠ سوپاس بۆ یەک دەنگی هێزە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، سوپاسی تایبەت بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە بۆ ئەم پرسە بەردەوام لەسەرخەت بوو هەمیشە نیگەرانی خۆی لەسیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان بەهێزە سیاسییەکانی ناوخۆو دەرەوە دەگەیاند، سوپاس بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سوپاسێکی تایبەت بۆ سەرۆکی حکومەت کاک مەسرور بارزانی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نەرمی زۆری نواند و دەستبەرداری بەشێک لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بوو ، سوپاس بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشوو درێژیان ،سوپاس بۆ بەرپرسانی کورد لەبەغدا ئەوەی ڕۆڵی هەبوو.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ