دەستەی مافی مرۆڤ: لاهوور شێخ جەنگی ڕووبەڕووی هیچ ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە

شەیری بکە لە:
دەستەی مافی مرۆڤ: لاهوور شێخ جەنگی ڕووبەڕووی هیچ ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە

لاهوور شێخ جەنگی ، سەرۆکی بەرەی گەل

ئاڤا نیوز

شاندێک لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی دەستگیراوەکانی ڕووداوەکەی لالەزاریان لەشاری سلێمانی کرد.بەپێی ڕاگەیێنراوی دەستەکە، لاهوور شێخ جەنگی ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە.

وێنە گەورەکە: دوای ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار و دەسیگیرکردنی لاهووری شێخ جەنگی و بەشێک لە ئەندامانی هێزەکەی، بۆیەکەمجارە شاندێک لەدەستەی مافی مرۆڤ لەگرتوخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهوور شێخ جەنگی لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوەو ڕێکارەکان پرسیاریان لێ کرد.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، تەندروستی لاهووری شێخ جەنگی باشە و لەژوورێکی تایبەت دانراوە تەواوی پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوە، هاوکات بەڤیدیۆ لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە.

- ناوبراو داوای پەرتووکی لە ئاسایش کردبوو، کۆمەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە.

- لەو کاتەی کەهاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لەکانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک نەبووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیێنراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لاهوور شێخ جەنگی داوای کردووە دۆسیەکەی بەڕێکاری یاسایی بڕوات و دەستەش چاودێری بکات.

سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە، لاهوور شێخ جەنگی وتی، زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن.

دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەش کردووە، مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان.

سەبارەت بە تۆمارکردنی گرتەی ڤیدیۆیی، دەستەکە ڕایگەیاند، لەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیەکی بەرامبەر نەکراوە و هیچ دان پێدانانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە. هاوکات هیچ کامێرا و ئامێری تۆمارکردن لەکاتی لێکولینەوە نەبووە.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: تیمەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وتیان، چاویان بە بەشێک لەدەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی ناسراون و بەپێی بەدواداچوونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان 162 کەسن، ئاساییشی سلێمانی بە شاندی دەستەکەیان ڕاگەیاندووە، ژمارەی کوژراوەکانی هەردوو لا پێنج کەسن، ڕۆژانە ڕێگە بە بەشێک لەکەسوکاریان دراوە سەردانیان بکەن، ئێستا شوێنیان باشە و لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژییەک نەبوونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە: دەستەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، هەر کەسێک یان خانەوادەیەک ئەگەر کەسێکی نادیارە یاخود بێسەروشوێنە بەهۆی ڕووداوەکەی لالەزار، دەتوانێت سەردانی نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراغکردنی کەسەکانیان.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمییە دوای ڕووداوەکەی لالەزاری سلێمانی سەردانی دەستگیرکراوان بکات و چاوی بە سەرۆکی بەرەی گەل و لایەنگرانی بکەوێت.

باکگراوند: بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 22-8-2025، شەڕ و پێكدادانی سەخت لە هۆتێل لالەزار، لەنێوان هێزەكانی یەكێتی و لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل هەڵگیرسا و چەكی قورس و مامناوەند لە شەڕەكە بەكارهێنرا، دەرەنجام سەرۆکی بەرەکە و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی نێو هۆتێلەکە دەستگیرکران و ژمارەیەکیش کوژران و برینداربوون.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ