لە كابینەی نۆیەم 52 کێڵگەمین لە مین پاکكراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان كراونەتەوە

شەیری بکە لە:
لە كابینەی نۆیەم 52 کێڵگەمین لە مین پاکكراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان كراونەتەوە

مینێکی نەتەقیو لە یەکێک لە یەکێک لە کێڵگەکانی مین لە هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز


دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زیاتر لە 11 ملیۆن و 373 هەزار و 50 مەتر دووجا زەویی هەرێمی كوردستانیان لە مین و تەقەمەنی پاككردووەتەوە، بە واتای پاككردنەوەی تێكڕای 52 كێڵگەی مین كە ئێستا ڕادەستی خاوەنەكانیان كراونەتەوە.

 

وێنە گەورەكە: لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ئاوەدان کردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و پاراستنی سرووشت و ژینگەی كوردستان، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە کابینەی نۆیەم، کارێکی بەرچاوی بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانەی بە مین و تەقەمەنییەکان چێنراون، ئەنجام داوە.

 

لێدوانی فەرمی: نیازی خالید ئەرگوشی، جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە ڕووی لەناوبردنی مین و تەقەمەنییەوە، تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی زیاتر لە 20 هەزار و 856 مین و هەروەها زیاتر لە 125 هەزار و 627 پارچە تەقەمەنیی دیكەی پاشماوەی جەنگ، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوون لەسەر سەلامەتیی خەڵک.

 

زانیاریی زیاتر: لە ئێستادا، دەزگای گشتیی کاروباری مین هەڵمەتێکی چڕی هۆشیار کردنەوەی دەست پێ کردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی مەترسیی مین و تەقەمەنی بە هاووڵاتییان. تیمەکانی هۆشیاریی ڕۆژانە لە گەرمیانەوە تاوەکوو زاخۆ، سەردانی ناوچە سنوورییەکان و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە نزیک کێڵگەمینەکانن، بۆ ئەوەی زانیاریی پێویست بە خەڵک بگەیەنن و ڕێنماییان بکەن، كە چۆن خۆیان بپارێزن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت:  جێگری سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین گوتیشی، بە مەبەستی پاراستنی گیان و سەلامەتییان، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لە کاتی بینینی مین و تەقەمەنی، یان لە حاڵەتی هەبوونی هەر مەترسییەک، بەپەلە پەیوەندی بە ژمارە (182) بکەن. ئەم ژمارەیە هێڵی گەرمی تایبەت بە دەزگای گشتیی کاروباری مینە و دەتوانن بێبەرامبەر پەیوەندی پێوە بکەن و دەزگاکەی لێ ئاگادار بکەنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ