چەندین نهێنی لەبارەی ڕەشنووسی یاسای حەشدی شەعبی ئاشکرا دەکرێت

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاڤا ئاشکرای کرد، لایەنە سیاسییەکان لەسەر چەندین بڕگەی نێو ڕەشنووسی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی ناکۆکییان هەیە.

 

وێنە گەورەکە: چەندین مانگە مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر تێپەڕاندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق لە ئارادایە، لە دوایین پێشهاتدا، حکومەتی عێراق بڕیاری دا ڕەشنووسی یاساکە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکشێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دابەشبوونێکی توند لەسەر ئایندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ڕۆڵی ئەوان لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا هەیە.

 

لێدوانی فەرمی: سەگڤان سندی، میوانی گەشتی هەواڵی کاتژمێر 07:00ی ئێوارە بوو و بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: چەند بڕگەیەکی ناکۆک نێوان لایەنە سیاسییەکان بوونیان هەیە، ئەو بڕگانەش ئەمانەن:

 

-ماددەی سێیەم، بڕگەی دووەم کە ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت پێشکەوتووترین چەک و ئامێری تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەندامانی دەستەکە دابین بکرێت.

 

-هەروەها لە ماددەی چوار، بڕگەی دووەم باس لەوە دەکات، سەرۆکی دەستەی حەشدی پلەی وەزیری پێدەدرێت و هەمان دەسەڵاتەکانی وەزیری بەرگریی پێدەدرێت و ئەمەش یەکسانە بە بوونی دوو پلەی وەزیری بەرگری لە عێراق و کێشەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

-ناوبراو وتیشی، لە ماددەی پێنجەم دەڵێت، دەستەکە دەتوانێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە پەیوەندی ئاسایش و بەرگریی ببەستێت.

 

زانیاریی زیاتر: سندی ئاماژەی بۆ مەترسییەکی دیکەی یاساکەی کرد، کەتیایدا سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی یان ئەمینداری نهێنی یاخود ئەمینداری گشتی و بەرپرسانی باڵای دیکە دەبێت 10 ساڵ خزمەتیان هەبێت، بەو پێیەش بێت سەرۆکوەزیران کە هاوکات فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە ناتوانێت بەرپرسێکی باڵای سوپا لەو پۆستانە دابمەزرێنێت چونکە هیچ خزمەتێکی لە دەستەکە نییە.

 

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: کورد و سوننەکان دژی تێپەڕاندنی یاساکەن، هاوکات بەشێک لە شیعەکانیش هەمان هەڵویستیان هەیە و چونکە پێیان وایە ئەگەر ئەو یاسایە پەسەند بکرێت ئەوا ئەمریکا گڵۆپی سەوز بۆ ئیسرائیل هەڵدەکات بۆ هێرشکردنە سەر عێراق و گرووپە چەکدارەکان. هاوکات مەترسیی هەیە لەو حاڵەتەدا واتە لە ئەگەری پەسەندکردنی یاساکە ئەمریکا سزای ئابووریی تووند بخاتە سەر عێراق.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ