ئاڤای خەڵک؛ ئاڤا بەدواداچوون بۆ خەرجنەكردنی مووچەی ژمارەیەک فەرمانبەری سۆران دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

دوای ئەوەی ئاڤا بەدواداچوون بۆ هۆکاری دابەش نەکردنی مووچەی ژمارەیەک لە فەرمانبەری سۆران دەکات، کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووچەکەیان بۆ خەرج دەکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: ژمارەیەک فەرمانبەر کە بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە و فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران لە سەرەتای ئەمساڵەوە دامەزراون و لە 19ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستبەکاربوون، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەکانیان بۆ نەبەستراوە و هانایان بۆ ئاڤا هێناوە بەدواداچوون بۆ گرفتەکەیان بکرێت.

زانیاریی زیاتر: 27 فەرمانبەری گرێبەست لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی سۆران و هەردوو تێبینەرایەتیی خانووبەرەی ڕواندز و چۆمان و دەیانی دیکەش لەسەر میلاکی فەرمانگەی ژینگەی سۆران دامەزراون، فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنیان لە سەرەتای ئەمساڵ گەڕاوەتەوە و وەزارەتی داد و دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێمیش لە 4ـی شوباتەوە فەرمانی وەزاری بۆ دەرکردوون، کەچی دوای ئەو فەرمانانە، ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانێکی دیکەی دەرکرد بە وەستاندنی دامەزراندن کە پەیوەندیی بە ڕێکخستن و هاوتاکردنی ڕێکارەکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ هەبوو.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە بە ئاڤای ڕاگەیاند: "ئێمە لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردووەوە نووسراوی دەستبەکاربوونیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی ئیدارەی سۆران ناردووە و ئەوەی لەسەر ئێمە بووە کردوومانە بەڵام نازاندرێت بۆچی تاکو ئێستا ڕەزامەندیی خەرجکردنی مووچەکانیان نەدراوە."

زانیاریی پەیامنێر: هاوار عەباس. پەیامنێری ئاڤا لە ئیدارەی سۆران، لە زاری بەرپرسێکی گەنجینەی سۆرانەوە زانیویەتی، سەرەتا وەزارەتی دارایی لە میلاکاتەوە فەرمانی خەرجکردنی مووچەکانیانی نەدابوو، دوای سەردانەکەی هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو گرفتەیان پێ گەیێنراوە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، چارەسەری بکەن و مووچەکانیان وەربگرن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ