نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 200 هەزار پەنابەری سووری لە لوبنان گەڕاونەتەوە

شەیری بکە لە:
نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 200 هەزار پەنابەری سووری لە لوبنان گەڕاونەتەوە

چەند ئاوارەیەکی سووری

ئاڤا نیوز

بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە زیاتر لە 200 هەزار پەنابەری سووری لە لوبنان گەڕاونەتەوە، ئەوەش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.

چیرۆکی سەرەکی: لە ساڵی 2011دا گەلی سووریا شۆڕشی دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و و حیزبی بەعس بەرپا کرد، لەبەرامبەردا حکومەت دەستیکرد بە دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و هەزاران کەسی کوشت، دواتر شەڕی ناوخۆ سەریهەڵدا، لە ئەنجامدا ملیۆنان هاووڵاتی ئاوارە و پەناهەندە بوون بەرەو وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی لوبنان و تورکیا.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: کیلی کلیمێنتس، جێگری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند: ئەم ژمارەیە ڕوو لە زیادبوونە، زۆرینەی گەڕاوەکان بەرەو پارێزگاکانی حەما و حومس لە ناوەڕاستی سووریا و حەلەب لە باکوور دەڕۆن.

کلیمەنتس جەختی لەوە کردەوە، کۆمیسیۆنەکە "هانی گەڕانەوە نادات"، ڕوونیکردەوە کە بڕیاری ئەو کارە "هەڵبژاردەیەکی تاکەکەسی هەر خێزانێکە".

ژمارەکان وا دەڵێن: سەرەڕای گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەران، هێشتا 13 ملیۆن و 500 هەزار سووری وەک پەنابەر لە دەرەوەی وڵاتن یان ئاوارەن و لە ناوخۆدا دەژین، بەگوێرەی حکومەتی لوبنان نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار پەنابەری سووری لەو وڵاتەدا دەژین، هاوکات دوو ملیۆن و 500 هەزار پەنابەریش لە وڵاتی تورکیان لە کاتێکدا لە ساڵی 2021دا، سێ ملیۆن و 700 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا بوون.

شەیری بکە لە: