پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ ئاڤا: بە ئەگەری زۆر پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەبێت

شەیری بکە لە:
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بۆ ئاڤا: بە ئەگەری زۆر پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەبێت

دیمەنی گەریلاکانی پەکەکە. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز


بە گوتەی پەرلەمانتارێکی دەم پارتی، حکومەتی تورکیا داوا دەکات پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە بە هەماهەنگی هەواڵگریی تورکیا و عێراق و لەژێر چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆیە بە ئەگەری 90%، پڕۆسەكە هەر لە هەرێمی دەبێت، بەڵام "كەی و چۆنیەتییەكەی هێشتا دیار نییە".

وێنە گەورەکە: لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی و لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) دوانزەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، بەڵام تا ئێستا پڕۆسەی چەکدانانەکە دەستی پێ نەكردووە.

لێدوانی فەرمی: محەممەد کەماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: حکومەتی تورکیا داوای کردووە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە ڕێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسێکەوە و لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، چەکەکانیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان بكەن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاڤا زانیویەتی، هەواڵگریی تورکیا و عێراق، کار بۆ ڕێکخستنی میکانیزمی چەکدانانەکە دەکەن. ئەم قسانەی کەماچ لە کاتێکدایە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنی گوتی: پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە جێبەجێ دەكرێت. 

لەلایەکی دیکەوە: کەماچ سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمان بۆ کارکردن لەسەر پڕۆسەی ئاشتی گوتی: لەم چەند ڕۆژەدا، ئەو شەش پارتەی فراکسیۆنییان هەیە، پێشنیازەکانیان بدەنە پەرلەمان تا لە ناوەڕاستی مانگی 7 لیژنەکە پێک بهێنرێت. بڕیارە هەر پارتەی پێنج ئەندامیان لە لیژنەکە هەبێت، پەرلەمانتارەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، بەشدار دەبن لە لیژنەكە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ