وەزارەتی ناوخۆی کوردستان وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە

شەیری بکە لە:
وەزارەتی ناوخۆی کوردستان وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان (گرافیکی ئاڤا)

ئاڤا نیوز

لەبارەی ئەو هێرشە درۆنیانەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی عێراق دەداتەوە و ڕایدەگەیێنێت، حکومەتی فیدراڵ پەردەپۆشی زێدەڕۆییە ئەمنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات.

وێنە گەورەکە: لە دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران، چەند هێرشیکی درۆنی کراوەتەوە سەر هەرێمی کوردستان، درۆنەکان یان لە چۆڵەوانی کەوتوونەتە خوارەوە یان لەڕێگەی سیستمی بەرگرییەوە خراونەتەوە خوارەوە، لەمبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی کوردستان گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بە بەرپرسیار دەزانێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە: ئەو چاوەڕوانییە لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ هەیە، لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی دیکەی عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێن.

- لە ساڵانی ڕابردووش بە دەیان جار هەرێمی کوردستان بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران، نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا، هیچ ڕێوشوێنێكیش لە بەرامبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكرا لەبەر دەست بوون.

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، "لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

باکگراوند: كاتژمێر 10ی شەوی هەینی دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لە نزیك فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بیسترا، ئەو هێرشە درۆنیە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، بەڵام ترسێكی زۆریان بڵاوکردەوە و بەشێوەیەکی کاتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕاگیران.

لەهەمان کاتدا: شەوی یەکشەم لەسەر دووشەم 30-6-2025  بە کاتیۆشا و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی کەرکووک، هەمان کات هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی و کەمپی دەرکاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش، شەوی دواتریش بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگای یەکەی 70ی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ