لیژنەکەی سوودانی لەبارەی مووچە یەکەم کۆبوونەوە دەکات؛ شاندی کوردستان و بەرپرسانی کوردیش لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی ئامادەکارییان کرد

شەیری بکە لە:

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی - پارە (گرافیکی ئاڤا)

ئاڤا نیوز

لەبارەی مووچە و نەوت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی کوردستان پێکهێنا، لیژنەکە 12 کاتژمێری دیکە یەکەم کۆبوونەوە دەکات و شاندی کوردستانیش بەشدار دەبێت، کات بۆ لیژنەکە دانراوە و دەبێت لە ماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژدا ڕاپۆڕتێک بۆ سوودانی ئامادە بکەن. هەر ئەمشەو بەرپرسانی کورد لە بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی بەیانی لەگەڵ لیژنەکەی حکومەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی مووچە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا بەسەرۆکایەتیی سوودانی لەبارەی خەرجکردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا و ڕایسپارد بەخێرایی گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو حکومەت بکرێت، پێشنیازی هەردوولا وەربگیرێت، دواتر ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکبخات و بڕیار بدات.

لیژنەکە لە پێنج وەزیر پێکهاتووە، وەزیرێکی سوننە سەرۆکایەتی دەکات و دوو وەزیری شیعە و دوو وەزیری کورد لە لیژنەکە ئەندامن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاڤا زانیویەتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی دەکات، لەگەڵ شاندی کوردستان و وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە نەوت و مووچە کۆدەبنەوە. دواتر ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و ئاراستەی سوودانی دەکەن، سوودانیش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێکدەخات و بڕیاری لەسەر دەدات.

شاندی هەرێمی کوردستان هەر لە بەغدا ماوەتەوە، پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.

شاندی کوردستان لەگەڵ لیژنە پێنج کەسییەکە کۆدەبنەوە، جگە لەوەش لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری عێراق بەردەوام دەبن.

هۆکارە زانراوەکان: هەر بەم هۆیەوە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان هەڵوەشایەوە و ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە ناکرێت. تا یەو کاتەی ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکهێنراوە، سوودانی رایسپاردوون بەخێرایی کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپارە ئامادە بکەن.

زانیاریی تایبەت: سوودانی وتوویەتی: "لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارەکان بکەن من کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕێکدەخەم، ئەگەر لە ماوەی 48 کاتژمێریشدا پێشنیازەکان ئامادە بکرێن ڕۆژیی هەینی کۆبوونەوە ڕێک دەخەم". بەپێی زانیارییەکانی ئاڤاش لەنێوان 24 بۆ 72 کاتژمێر کات بە لیژنەکە دراوە ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن و نابێت لەوە زیاتر دوابکەوێت.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: ڕێککەوتنی کۆتایی هەولێر و بەغدا لەسەر کۆی شتەکان پێویستی بە وردەکاری زۆرە و کاتی دەوێت، بۆیە چاوەرێ دەکرێت لیژنەکە پێشنیاز بکات مووچەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئینجا دواتر لەسەر کۆی شتەکان ڕێکبکەون.

لە پەیامنێرەوە: دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ڕووداو لە بە‌غدا ڕایگەیاند؛ شاندی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکی دیکە لە بەغدا دەمێننەوە.

- تەیف سامی وتوویەتی یەک دیناری تر خەرج ناکەم و ناچمە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییە، وتوویەتی ئەگەر یەک دینار خەرج بکەم ڕەنگە دادگایی بکرێم و بخرێمە زیندانەوە.

- سوودانیش وتوویەتی لە ماوەکانی ڕابردوودا لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم چەندینجار مووچەم بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، تاوەکو لیژنەکە کارەکانی تەواو نەکات ئامادە نیم لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم هیچی تر پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرم.

- ماوەی 40 بۆ 50 خولەک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی پرسی مووچە و ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە.

- شاندی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لەگەڵ د. فوئاد حوسێن و کۆمەڵیک بەرپرسی کورد لە بەغدا کۆبوونەوەیەکیان کردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی سبەی چوارشەممە لەگەڵ لیژنەکە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ