کارمەندێکی کارەبای سلێمانی بڕی 500 ملیۆن دیناری هاووڵاتییان دەبات

شەیری بکە لە:
کارمەندێکی کارەبای سلێمانی بڕی 500 ملیۆن دیناری هاووڵاتییان دەبات

ژمارەیەک هاونیشتمانی لەلایەن کارمەندێکی کارەبای سلێمانییەوە پارەکەیان براوە و ئێستا قەرزداری وەزارەتی کارەبان

ئاڤا نیوز

ژمارەیەک هاونیشتمانی لە چەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی لە سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوو قەرزی کارەبایان لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا داوەتەوە، کەچی لەسەر پسووڵەکانیان قەرزەکە نەسڕاوەتەوە و هەژمارەکانیان قەرزار ماوەتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەو هاونیشتمانیانە داوایان لە ئاڤا میدیا کردووە بە دواداچوون بۆ پرسەکەیان بکات و دەڵێن: لە ساڵی 2021ـەوە تەواوی قەرزەکانمان پاکتاو کردووە، بەڵام لە پسووڵەی مانگەکانی داهاتوو، بۆمان دەرکەوتووە کە هێشتا قەرزارین و قەرزەکانمان نەسڕاوەتەوە، ئەمەش تووشی شۆک کردین.

زانیاریی تایبەت: ئاڤا میدیا زانیویەتی، کارمەندێکی بەڕیوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بڕێکی زۆری پارەی لە خەڵک وەرگرتووە و نەیخستووەتە نێو سندووقی پارە وەرگیراوەکانی کارەبا، بەمەش هاونیشتمانیان پارەکانیان بردراوە و قەرزەکانیشیان لەسەر ماوە.

لێدوانی فەرمی: سیروان محەممەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە ئاڤای ڕاگەیاند: هەر هاونیشتمانییەک تووشی ئەو بارودۆخە بووە، با سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکات و نووسراوێکی داواکاری پێشکەش بکات، بەڵام مەرجە لە داواکارییەکەدا کۆپییەکی ئەو پسووڵەیەی هەبێت کە دوای تەواوکردنی مامەڵەکانی وەری گرتووە، لەسەر پسووڵەکە مۆری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبا هەیە و ڕێکەوتی وەرگرتنی پارەکەی لەسەرە، بەم شێوەیە قەرزەکانی سەر ئەو هاوبەشانە لادەچێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئێستا کەیسەکە لە دەستەی دەستپاکییە و ماوەیەکی زۆرە کارمەندەکەی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی دەستگیر کراوە، بەگوتەی ئەو هاونیشتمانیانەی فێڵەکەیان لێکراوە و پارەیان براوە، بڕی پارەکە نزیکەی 500 ملیۆن دینارە بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێت، هیچ بڕێک دیاری نەکراوە، بڕەکە بەپێی سکاڵا و پسووڵەی دەستی ئەو هاونیشتمانیانە دیاری دەکرێت کە سەردانمان دەکەن و پسوڵەکانمان بۆ دەهێنن.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: هەرچەندە هیچ ژمارەیەکی دیاریکراو لەسەر بڕی پارەکە لەبەردەست نییە، بەڵام یەکێک لە زەرەرمەندبووەکان بە ئاڤای گوت: دەیان ملیۆنان دینارمان لێ خوراوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکەمان لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ