هۆڵەندا ستایشی ئاوەدانی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەکات

شەیری بکە لە:
هۆڵەندا ستایشی ئاوەدانی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان - کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندای لە بەغدا

ئاڤا نیوز

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و باڵیۆزی هۆڵەندا، باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە، هاوکات باڵیۆزی هۆڵەندا ستایشی بەیەکەوە ژیانی کردووە لە هەرێمی کوردستان.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دووشەممە 1-9-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان پێشوازی لە کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندای لە بەغدا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەدریان ئایسلستین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە: هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا، ستایشی پێشکەوتن، ئاوەدانی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان و میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی کرد. ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا شاندێکی بازرگانیی هۆڵەندا بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری سەردانی کوردستان بکات.

ئەمەش بزانە: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ