ئاڤا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە ئاشکرا دەکات

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تیشکی خستووەتە سەر چەند پرسێکی گرنگ، بەتایبەت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و داهاتی نانەوتی. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق، کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بووە، وردەکاریی گفتوگۆکانی بۆ ئاڤا خستەڕوو.

 

وێنە گەورەکە: ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بداتە بەغدا.

 

زانیاریی ئاڤا: ئاڤا زانیویەتی لە کۆبوونەوەکەدا، هەر چوار وەزیری کورد (دوو لە پارتی و دوو لە یەکێتی) بە توندی بەرگرییان لە پرسی مووچە کردووە. ئەوان داوایان کردووە کە مووچەی مانگی شەش خەرج بکرێت و چاوەڕێی ڕێککەوتنی لیژنەکان نەکرێت، چونکە ڕەنگە کاتی زۆری بوێت و باری گوزەرانی خەڵک لە کوردستان ناجێگیرە.


هاوکات: ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانیی عێراق، پشتگیری لە داواکاریی وەزیرە کوردەکان کردووە و ئەویش پێشنیاری کردووە کە مووچەی مانگی شەش خەرج بکرێت.


لەلایەکی دیکە: حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕاپۆرتی لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە پێشکەش کردووە و ڕایگەیاندووە کە هێشتا دەستیان بە وەرگرتنی نەوتی کوردستان نەکردووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کێشەکان چارەسەر کراون، بەڵام هێشتا کێشە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا ماوە.

 

زانیاریی زیاتر: بۆ چارەسەرکردنی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان و پێدانی بە بەغدا، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە. ئەم لیژنەیە سەرقاڵی گفتوگۆ و کۆبوونەوەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەر لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم چارەسەرە تەنها بۆ مانگی شەشە و ناکرێت مانگەکانی داهاتوو بەم شێوەیە بەردەوام بن. ناوبراو داوای کردووە کە لیژنەکان بگەنە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە. هاوکات تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاندووە کە ئەنجوومەنی وەزیران هەر بڕیارێک بدات، ئەو پێیەوە پابەند دەبێت.

 

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: مووچەی مانگی شەش چارەسەر بوو، بەڵام ناکۆکی بۆ مووچەی مانگی حەوت و مانگەکانی دواتر ماوە و تاوەکو ئێستا ڕێککەوتن نەکراوە لەبارەی داهاتی ناوخۆ. بڕیارە تیمێک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر داهاتە نانەوتییەکان سەردانی بەغدا بکات، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش بابەتەکە دەبردرێتە دادگای فیدراڵی یان ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت، واتا لە دادگا پرسەکە یەکلا دەکرێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ