بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچه‌ شاندێك سەردانی به‌غدا دەکات

  • بزنس
  • 4 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچه‌ شاندێك سەردانی به‌غدا دەکات

گرافیکی پرسی مووچە

ئاڤا نیوز

شاندی دانوستانکاری کوردستان جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکات بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە مووچە و لابردنی لەمپەرەکان، لەوانە هەناردەکردنەوەی نەوت و ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی.

چیرۆکی سەرەکی: پرسی مووچە و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بوون. شاندی کوردستان کە  د.کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت سەرۆکایەتی دەکات و د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دوو ئەندامی سەرەکی شاندەکەن، دوێنێ سێشەممە لە بەغدا بوون، بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گەڕانەوە هەولێر و ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق خستووەتەڕوو. ئەمشەویش جارێکی دیکە دەچنەوە بەغدا و سەرەڕای ئەوەی سبەی پێنجشەممە پشووی فەرمییە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ)، بەڵام لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە، ئەمە دەرخەری جددیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی گشتگیر و چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ بەغدا بە پلەی یەکەم لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەبن، کە وەک دوو ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە سەیر دەکرێن. ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان شاندەکەی ڕاسپاردووە پەلە بکەن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەرێکی گونجاو بەتایبەت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ. ڕاشیگەیاندووە: "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی نەوت بۆ ئاستی پێش هێرشکردنە سەر کیڵگە نەوتییەکان لە ماوەی ڕابردوودا".

گۆشەیەکی دیکە: ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان داوا دەکات چیتر ئەم دوو بابەتە وەک پاساو بۆ نەناردنی مووچە لەلایەن بە‌غدا بەکارنەهێنرێن و مووچە تێکەڵی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەکرێت. داوا دەکات بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچە جێبەجێ بکرێن.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاندووە، تا ڕادەیەک ئاسانکاری بۆ تێگەیشتن لەسەر بابەتی داهاتی نانەوتی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە و ئەگەری کەمە پێویست بە پرسیارکردن بە ئەنجوومەنی دەوڵەت بکات. بەڵام لە دۆخی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، پرسیار ئاراستەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی یاسایی لەسەر ماددەکانی پەیوەندیدار بە داهاتی نانەوتی، پێویستە هەردوولا پابەندی ئەو ڕوونکردنەوە یاساییە بن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ