بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هەمیشەیی پێکدەهێنرێت

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هەمیشەیی پێکدەهێنرێت

هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بەمەبەستی یەکخستنی هەموو باج و ڕسوماتێکی گومرگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، لیژنەیەکی هەمیشەیی لەنێوان هەردوولا پێکهێنراوە.

چیرۆکی سەرەکی: دوای سێ مانگ لە دروستبوونی کێشە لەسەر باج و پێناسی گومرگی لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بڕیاریدا لیژنەیەکی هەمیشەیی پێکبهێنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. بڕیارە ئەم لیژنەیە سوودێکی بەرچاوی بۆ بازرگانان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەبێت و ببێتە هۆی کەمکردنەوەی نرخی هەندێک کاڵا.

شێوازی جێبەجێکردن: لیژنەکە، کە پێنج لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان ئەندامن تێیدا، دوو ئەرکی سەرەکی دەبێت، تاوتوێکردن و پێشنیازکردن بەمەبەستی یەکخستنی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان. هەروەها یەکخستنی پێناس و باجی گومرگی.

هۆکارە زانراوەکان: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا حکومەتی عێراق بڕیاری ژمارە 270ـی دەرکردووە و دەستکاریی بەهای گومرگی نزیکەی هەزار و 200 کاڵای کردووە. هەرچەندە لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە ڕاوێژ بە حکومەتی هەرێم بکرێت و بڕیارەکە پێکەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە بێ ڕاوێژکردن بە حکومەتی هەرێم، بڕیارەکە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەمەش کێشەی دروست کردووە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەک بە ئاڤای وت، ئەگەر پێشتر بەهای ئایفۆنێک هەزار دۆلار بووبێت و 15% باجی لەسەر بووبێت (150 دۆلار)، ئێستا حکومەتی عێراق بەهای هەمان ئایفۆنی کردووەتە دوو هەزار دۆلار، بەمەش باجەکەی بۆ 300 دۆلار بەرز دەبێتەوە. کاتێک بازرگانانی کورد کاڵاکانیان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاوردە دەکەن، تەنیا 150 دۆلار باج دەدەن. بەڵام کاتێک ئەو کاڵایانە دەنێرنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە بازگەکانی وەک مووسڵ و کەرکووک، بارەکانیان ڕادەگیرێن و داوای لێیان دەکرێت 150 دۆلارە زیادەکەی دیکە بدەن. ئەم جیاوازییە لە پێناسەی گومرگیدا کێشەیەکی زۆری بۆ بازرگانان دروست کردووە.

خاڵە ئەرێنییەکان: بە دامەزراندنی ئەم لیژنەیە، چاوەڕوان دەکرێت هەموو باج و ڕسوماتی گومرگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق یەک بخرێت، ئەمەش کۆتایی بە ڕاگیرانی بارە بازرگانییەکان لە بازگەکان دەهێنێت و خێراتر و ئاسانتر دەبن. هەروەها، ئەو کاڵایانەی باجیان لەسەر کەمکراوەتەوە، نرخەکانیان هەرزان دەبن و ئەمەش بە قازانجی هاووڵاتییان دەشکێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ